هۆشداریی لەمەترسیی خواردنەوە گەرمەکان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەدرێت

تەندروستی

27/09/2021‌ 631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پزیشک‌و پسپۆڕێکی بواری خۆراکیی ڕوسیی هۆشداریدەدات لەمەترسییەکانی خواردنەوە گەرمەکان، بەوپێیەی کاریگەریی نەرێنیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە.

د.مارگرێتا ئەرزۆمانیان پسپۆڕی بواری خۆراکیی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیی دەڵێت: "بەگشتیی خەڵک لەوەرزەکانی هاوین‌و زستاندا زیاتر ڕودەکەنە خواردنەوە گەرمەکان، بەڵام دەبێت لەشێوازی خواردنەوەی ئاگاداربین".

هەروەک وتویەتی:"کوپێک چای زۆر گەرم دەتوانێت لەکاتی سەرماو سۆڵەدا مۆرڤ گەرم بکاتەوە، بەڵام ئەمە ئاکامی باشی نابێت، لەبەرئەوەی پلەی گەرمیی خواردنەوەکان کاریگەریی نەرێنیی دەکاتەسەر کۆئەندامی هەرس".

ئەرزومانیان ئاماژەی بەوەشکردوە، چەندین لێکۆڵینەوە جەختیان لەوەکردۆتەوە کە خواردنەوە گەرمەکان دەبنە هۆی توشبون بەشێرپەنجە، جگەلەوەی لەباریدا هەیە زیانی گەورە بەکۆئەندامی هەرس بگەیەنن.

ئەو خانمە پزیشکە ڕوسییە سەبارەت بەخواردنەوەی چا ڕێنماییداوە بەوەی پێویستە دوای لێنانی چا ڕابوەستین تاوەکو سارد دەبێتەوە، ئینجا بخورێتەوە، بەوشێوەیە مەترسییەکانی نامێنێت.

و: ئاکۆ ئاڵی