پارێزگای سلێمانى: رێژەى کرێچی لە ٥٦%وە بۆ لە ١٦% لە سلێمانى دابەزیوە

ئابوری

03/10/2021‌ 834 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 1991دا ڕێژەی کرێچی لە پارێزگاکە 56% بووە، بەڵام لە ساڵی 2021دا کەمبووەتەوە بۆ 16%، واتە لەئێستادا 74.2%ی خەڵکی خاوەنی خانووی خۆیانن، پارێزگارى سلێمانیش دەڵێت"مەبەست لەم ئامارانە خستنەڕووی ئاستی خزمەتگوزاریی و پڕۆژەو دەرفەتی کارکردن و باروگوزەرانی هاووڵاتیان و سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان و گەشەکردنی جۆریی و چەندیی پارێزگاکەیە".

لە راگەیەنراوێکدا پارێزگای سلێمانی بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بە پشتبەستن بە ئامارو کێوماڵە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتەکانی پلاندانان لە حکومەتی ئیتحادیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لێکۆڵینەوەیەکی ئاماریی بەراوردکاریی لەنێوان ساڵانی (1991 بۆ 2021)، واتە ماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا کردووەو تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی تێدا ئاماژە پێکراوە.  

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند،مەبەست لەم ئامارانە خستنەڕووی ئاستی خزمەتگوزاریی و پڕۆژەو دەرفەتی کارکردن و باروگوزەرانی هاووڵاتیان و سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان و گەشەکردنی جۆریی و چەندیی پارێزگاکەیە، کە لە زۆربەی سێکتەرە گرنگ و هەستیارەکاندا توانیویەتی ئاستی یەکەم لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت."  

پارێزگاری سلێمانى روونیکردەوە، ئەم ئامارە ڕاستەقینانە هاندەریان بن بۆ خزمەتی زیاترو بوژاندنەوەو پەرەپێدانی زۆرتر بەجۆرێک لە ئاست خواست و هەوڵ و داخوازیی و قوربانیدانی بەردەوامی ئەم پارێزگا شکۆدارەدا بێت، بەتایبەتیی کەلە چوار ساڵی ڕابردودا لەگەڵ ئەوەی لە ناو قوڵایی هەموو قەیرانەکاندابووین؛ بەڵام توانیومانە بە پشتیوانیی هەموو لایەک ئاڵنگارییەکان بۆ دەرفەتی گەشەکردن بگۆڕین و سلێمانی لە زۆر بواردا بخەینە سەر نەخشەی نێودەوڵەتیی.

پارێزگای سلێمانی لەڕووی دانیشتوان و خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی:  
تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (١,١٢٣,٠٠٠) دینار، و تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (٢٣٤,٠٠٠) دینار، و تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (٨٤٢,٤٠٠) دینار، و تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (١٨٧,٢٠٠) دینارە  

ژمارەی ڕەگەزی مێ بەرامبەر (١٠٠) ڕەگەزی نێر (١٠٢,٨) مێیە.  

تاوانی گەورە و مامناوەند و بچوك (٣٥٠٩٣)، بەندكراوان لە نەوجەوان و پیاو و ژنان (١٢٩٦) بەندکراو.  

ژمارەی كوڕان لە خانەی نەوجەوانان (١٧)، ژمارەی كچان لە خانەی نەوجەوانان (٩).  

ژمارەی خێزانەکان بەپێی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی (٢٠٢١)، لە (١٩٩١) ١٤٩,١٢٤ خێزان و لە (٢٠٢١) ٥٧٨,٦٧٣ خێزانە.  

ژمارەی دانیشتوان بەپێی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی (٢٠٢١)، لە (١٩٩١) ٩٥١,٧٢٣ کەس و لە (٢٠٢١) ٢,٥٤٦,١٦٢ کەسە.  

قەبارەی خێزان/ ژمارەی كەسەکان لە خێزانێکدا، لە (١٩٩١) ٩,٨ کەس و لە (٢٠٢١) ٤,٤ کەسە.  

ڕێژەی ئەوانەی بەخێو دەكرێن لە (٢٠٢١): ٣٩٪
هاوسەرگیریی لە (٢٠٢١): ١٣,٨٣٦
جیابوونەوە (تەڵاق) لە (٢٠٢١): ٤,٠٨٥
خاوەن خانوو: لە (١٩٩١) ٤٦٪ و لە (٢٠٢١) ٧٤,٢٪
كرێچی: لە (١٩٩١) ٥٦٪ و لە (٢٠٢١) ١٦٪  

سوودمەند لە مووچەی چاودێری خێزان: لە (١٩٩١) ژمارەیەكی كەم و لە (٢٠٢١) ٢٦,٩٨١  

سوودمەند لە مووچەی كەمئەندامان: لە (١٩٩١) ژمارەیەكی كەم و لە (٢٠٢١) ١٨,١٣٧  

گەشەی دانیشتووانی ساڵانە لە (٢٠٢١): ٢,٤٪  

چڕیی دانیشتوان (ژمارەی كەس لە یەک كیلۆمەتر دووجادا) لە (٢٠٢١): ١٠٨  



س.هـ