فیلمە نوێکەی "جەیمس بۆند" لەسەرەتای نمایشکردنیدا 121 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە

هەمەڕەنگ

06/10/2021‌ 461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای "یونیڤێرساڵ پیکچەر"ی ئەمریکی ڕایگەیاند، لەنوێترین فیلمی جەیمس بۆند کە ئەکتەر دانیاڵ کریگ ڕۆڵی تێدا دەبینێت، لەدەستپێکردنی نمایشکردنی لەسەرەتای هەفتەی ڕابردوو، لەسەر ئاستی جیهان 121 ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە.

فیلمی "نۆ تایم تو دای" کە دواین بەشی فیلمی سەرکەشییەکانی جەیمس بۆندە، تەنها لەلەماوەی سێ ڕۆژ لەسینەماکانی بەریتانیاو ئێرلەندا 35 ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە، کە لەوەتەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوبۆتەوە، بۆیەکەمجارە فیلمێک ئەوەندە داهات کۆبکاتەوە.

یونیڤێرساڵ باسی لەوەکردوە، فیلمەکە لەسەرەتای نمایشکردنییەوە 121 ملیۆن دۆلاری لەسەر ئاستی جیهان کۆکردۆتەوە، بێئەوەی لەهۆڵەکانی سینەمای وڵاتی چینیش نمایش بکرێن، ئەوەش یەکەم فیلمە لەوەتەی کۆڕۆنا سەریهەڵداوە دەتوانێت 100 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە بێئەوەی لەوڵاتی چین نمایش بکرێت، کە گەورەترین بازاڕی فیلمە لەجیهاندا.

وابڕیارە لەکۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر فیلمەکە لەوڵاتی چین نمایش بکرێت، هێشتا لەئەمریکای باکوریش نمایشنەکراوەو یەکەم ڕۆژی نمایشی فلیمەکە لەئەمریکاو کەنەدا ڕۆژی هەینی داهاتوو دەبێت.

فیلمە نوێکەی جەیمس بۆند کە بەرهەمهێنانی نزیکەی 200 ملیۆن دۆلاری تێچوە، لەلایەن ڕەخنەگرە سینەماییەکانەوە ستایشێکی زۆرکراوەو ڕایانگەیاندوە، فیلمێکە شایانی چاوەڕوانیکردنە.

و: ئاکۆ ئاڵی