فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌: له‌ناوچه‌یه‌كى كوردستان به‌ئاشكرا شوێنى مانه‌وه‌ بۆ چه‌كدارانى داعش دابینکراوە

کوردستان

21/10/2021‌ 6171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى هێزه‌ خۆبه‌خشه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌سنورى (مه‌خمور ـ گوێڕ) ئاشكرایده‌كات، گروپى تیرۆریستى داعش له‌چیاى قه‌ره‌چوغ بەئاشکرا شوێنیان بۆ دابینکراوە، داوا له‌سه‌رۆكایه‌تى كۆمارو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ده‌كاته‌ بێنه‌ده‌نگ‌و لیژنه‌یه‌كى سه‌ربازیی پێكبهێنن.


غازى فه‌یسه‌ڵ فه‌رمانده‌ى هێزى خۆبه‌خشى پێشمه‌رگه‌ له‌سنورى (مه‌خمور ـ گوێڕ) تایبه‌ت به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، "کاتژمێر 12ى شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر ڕەبایەی فەوجی سێی لیوای پەنجای سوپای عێراق لەنزیک گوندی بەردەسپی دەشتی قەراج‌و لەماوەی سەعاتێک ڕوبەڕوبونەوە داعش توانیان کامێرای چاودێریی ڕەبایەکە تێکبشکێنن‌و بەرەو شاخی قەرەچوغ هه‌ڵبێن".

وتیشى:"لەم هەفتەیەدا ئەمە دوەم هێرشە کە دەیکەنەسەر کامێراکانی چاودێریی‌و لەشەوی یەکشەمەی ڕابردوش چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر کامێرای چاودێری هەمان فەوج لەنزیک گوندی ئازیکەندو کامێراکەیان تێکشکاندو بەرەو شاخی قەرەچوغ هه‌لأتن".

به‌بۆچونى ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى پێشمه‌رگه‌، "هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ئەم کامێرایانەی چاودێریی بۆ ئەوەیە تا سوپای عێراق نەتوانێت چاودێری جموجوڵی داعشەکانی قەرەچوغ بکات".

ئه‌وه‌شى وت:"ئەم هێرشانە بۆسەر سوپا نیشانەی لاوازی سوپاو هێزەکانی ناوچەکەیە، له‌كاتێكدا ئێمە چەندینجار سوپاو هاوپەیمانان‌و حکومەتی هەرێممان ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوەو ئەو هێرشانەی داعشیش دەیکەن سەرکەوتون، لەبەرئەوەی نیەت‌و پلانی لێدان‌و ڕاونانی داعش نییە لەشاخی قەرەچوغ ".

غازى فه‌یسه‌ڵ داواكاریه‌كى به‌په‌له‌ى ئاراسته‌ى سەرۆکایەتی کۆمارو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق كردو داوایكرد، "لەسەر مانەوەی ئەم داعشانەی شاخی قەرەچوغ بێنە جواب‌و لیژنەیەکی سەربازی پێکبێنن لەسەر مانەوەی چوارساڵی داعش لەشاخی قەرەچوغ‌و ئەو هەموو زیانە گیانی‌و مادیەی بەخەڵکی ناوچەکەمانیان گەیاندوەو کەمتەرخەمانی ئەم سنورەش لێپێچینەوەیان لەگەڵدابکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئەم داعشانە بەئاشکرا لەو شاخە شوێنیان بۆ دابینکراوە".

ش.هـ