تەندروستی جیهانیی: ژمارەی جگەرەکێشەکانی جیهان لەکەمبونەوەدایە

جیهان

18/11/2021‌ 833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ئاشكرایكرد، ژمارەی جگەرەکێشەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەردەوام ڕوو لەکەمبونەوەیە، هۆشداریشیداوە لەوەی دەبێت هەوڵەکان بەئاڕاستەی سنوردارکردنی جگەرەکێشان بەردەوامبێت.


بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، لەساڵی 2020 ملیارێک‌و 300 ملیۆن کەس لەجیهاندا جگەرەیان کێشاوە، واتە 20 ملیۆنی لەساڵی پێشوتر کەمتر بوە.

ڕێکخراوەکە پێشبینیشیکردوە، تاساڵی 2025 ژمارەکە ڕوو لەکەمبونەوەی زیاتر بکات، بەشێوەیەک مەزەندەی ئەوەکراوە کە تائەوکاتە ملیارێک‌و 270 ملیۆن کەس جگەرەبکێشن، کە دەکاتە لەسەدا 20ی دانیشتوانی جیهان ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵیدایە.

لای خۆیەوە تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆس سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ڕایگەیاندوە، لەئەو ڕێگایەی لەبەردەمیاندایە بۆ کۆتاییهێنان بەجگەرەکێشان هێشتا دورودرێژە، لەبەرئەوەی پیشەسازی جگەرە هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆئەوەی بەرگریی لەو قازانجە گەورەیە بکات کە لەڕێگای فرۆشتنی بەرهەمەکانییەوە دەستیدەکەوێت.

داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ئەوە دەردەخەن کە ساڵانە هەشت ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە دەمرن، هەروەک 1.2 ملیۆن کەسی تر بەهۆی جگەرەکێشانی نەرێنی، واتە مژینی دوکەڵی جگەرەی کەسانی تر گیان لەدەستدەدەن.