شارپرێس:
ئابوریناسێکی عێراقی هۆشداریدەدات کە گەندەڵیو پشتبەستنی ڕەها بەداهاتی نەوت، بونەتە تەڵەیەکی دارایی گەورەو ههڕهشهیهكى مەترسیدار بۆ داڕمانی ئابوریی عێراق، دهشڵێت، "تەنها ڕێگهی ڕزگاربونیش فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتە".
ساڵح ڕهشید شارەزای کاروباری ئابوریی ڕایدەگەیەنێت، عێراق دەرفەتێکی گرنگی لەبەردەمدایە بۆ بونیادنانەوەی ئابورییەکەی لەسەر بنەمای فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەڵام گەندەڵی هێشتا وەک گەورەترین کۆسپ لەبەردەم هەر پڕۆژەیەکی چاکسازیی ڕاستەقینەدا ماوەتەوە.
بهوتهى ئهو شارهزا ئابوریه، "ئابوریی عێراق بەتەواوی پشتی بەداهاتی نەوت بەستوە، ئەمەش وایکردوە وڵاتەکە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەو ناسەقامگیریی داراییدا بێت، گرژییەکانی ئەمدواییەی سەر هێڵەکانی گواستنەوەی دەریاییو وزە لەناوچەکەدا، مەترسییەکانی پشتبەستن بەنەوتو سنورداریی دەروازەکانی هەناردەکردنی عێراقیان زیاتر دەرخست".
ئهوهشى وت، "پێویستە عێراق بەپەلە دەروازەو ڕێگهی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت بدۆزێتەوەو کەرتە نانەوتییەکان چالاکبکات بۆ ئەوەی کەمتر بکەوێتە ژێر کاریگەریی قەیرانە ناوچەییو جیهانییەکان، تۆڕەکانی گەندەڵیو نوسینگە ئابورییەکان بەردەوامن لەبەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی دەوڵەت، بەشێکی زۆری پارە دزراوەکانیش لەدەرەوەی وڵات وەبەرهێنانیان پێدەکرێت، ئەمەش پرۆسەی گێڕانەوەی ئەو پارانەی قورسترکردوە".
ساڵح ڕهشید جەختدەکاتەوە، قۆناغی ئێستا پێویستی بەچاکسازییەکی ئابوریی گشتگیر هەیە تا نەوت تەنها ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئابوریی، نەک تاكە سەرچاوە بۆ دابینکردنی موچەو خەرجییە گشتییەکان.
