پەرلەمانی تورکیا بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە وەرزی یاسادانانی درێژکردەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا بۆ ماوەیەکی نادیار کارەکانی خولی یاسادانان درێژبکاتەوەو لەیه‌كى تەمموزدا نەچێتە پشوی ساڵانەوە، هاوکات لایەنی کوردیش گوشارەکانی چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان پێش پشوی هاوینە، چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی دابڕێژێت.


بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی خولی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا لەڕۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە، بەگوێرەی بڕیارەکە کە پاڵپشت بەمادەی 93ی دەستورو مادەی 5ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەرکراوە، پەرلەمانی تورکیا کە بڕیاربوو لە1ى تەمموزی 2026دا بچێتە پشوی ساڵانە، کارەکانی بەردەوامدەبێت، ئەم بڕیارە لەکۆبونەوەی ژمارە 102ی کۆمەڵەی گشتیی پەرلەمان لە 16ی حوزەیراندا پەسەندکراوە.

هاوکات لەگەڵ درێژکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان، لایەنی کوردی داوادەکات ئەم دەرفەتە بۆ هەنگاوی کردەیی سەبارەت بەپرۆسەی ئاشتی بقۆزرێتەوە، نوێنەرانی لایەنی کوردی جەختدەکەنەوە، پێویستە بەرلەوەی پەرلەمان بچێتە پشوی هاوینە، بناغەیەکی یاسایی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری دابڕێژرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، دوێنێ وه‌فدى ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوه‌وه‌، لەکۆبونەوەکەدا بەوردی باسیان لەگرنگیی ڕۆڵی پەرلەمان کرد لەچارەسەرکردنی پرسی کوردو جەختیان لەوەکردەوە، پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتیی ببێتە خاوەن چوارچێوەیەکی فەرمی‌و ڕێگریی لەپەککەوتنی بگیرێت.