شارپرێس ـ تایبهت:
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەستپێکردو لەیەکەم وێستگەدا گەیشتە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بڕیاریش وایه، دواتر سەردانی فەرەنسا بکات، ئەم وهفده كوردیه دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوەی گرنگ لەهەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانو نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ڕوی لەئەوروپا کردوە.
سەردانەکەی عهبدى بۆ ڕۆما سێ ڕۆژ دەخایەنێتو تێیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەو بەرگریی کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی تاووتوێکردنی پرۆسەی ڕاگواستنی دەسەڵات لەسوریاو بەدەستهێنانی پشتگیریی بۆ تێکەڵبونی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی حکومەتدا.
لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، دواى سێ ڕۆژى دیكه، مهزڵوم عەبدی دەچێتە پاریس بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئەمنی، دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردو چەسپاندنی پێگەی سیاسییو سەربازییان.
بهگوێرهى زانیارییهكانى شارپرێس، بڕیاروایه، لەم هەفتەیەدا وهفدهكه كه عهبدى سهرۆكایهتى دهكات، سەردانی شاری لاهای لەهۆڵەنداش بکات بۆ هەمان پرس.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییە لەکاتێکدایە کە هەسەدە دەیەوێت لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا بهسهرۆكایهتى ئهحمهد شهرع، بگاتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو بەردەوامیدان بەشەڕی دژی تیرۆر.
ڕۆژى 27ى مانگى ڕابردوش، تۆماسۆ سان سۆنێ کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لهههرێمى كوردستان لەپەیامێکی فەرمیدا نوسیبوى، "خۆشحاڵم کە پێشوازیم لەفەرماندە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی کوردی ڕۆژئاوا لەسوریا دەکەم".
ئهوكات ڕایگهیاندبوو، "ڕۆما پاڵپشتیی تەواوی ئەو گفتوگۆیانە دەکات کە ئامانجیان بونیادنانی سوریایەکی دیموکرات، سەقامگیرو یەکگرتوە، جەخت لەسەر گەرەنتیی ناساندنی تەواوەتیو ڕێزگرتن لەمافەکانی گەلی کوردو سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییو ئایینییەکانی دیكهى سوریا دهكهینهوه، ئەم هەڵوێستە ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆیە لەسیاسەتەکانی دیمەشقو تاران کە دەیانەوێت مافەکانی پێکهاتەکان پشتگوێبخەن".