لێکۆڵینەوەیەک: ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەئاستێکی بەرز هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە

هەمەڕەنگ

21/11/2021‌ 604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پێگەی " کارکۆپس"، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن کۆمپانیای ڤۆڵڤۆی سویدییەوە ئەنجادراوە ئەوەی دەرخستووە کە ڕێژەی دەردانە کاربۆنییەکان لەکاتی درووستکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان زۆر بەرزە.

 لێکۆڵینەوەکە دەڵێت درووستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەشێوەی مۆدێلی  C40 ڕیچارج بەراورد بە درووستکردنی ئۆتۆمبێلی لەنموونەی ڤۆڵڤۆ XC40 کە بە سووتەمەنی ئاسایی کاردەکات، لەسەدا 70 زیاتر دەردراوی کاربۆنی ژەهراویی بۆناو هەوا هەیە.

لەلێکۆڵینەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هەرچەندە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان دەبێتە هۆی دەردانی بڕێکی زۆر لە کاربۆن بۆناو هەوا، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانە لەکاتی کارکردنیاندا بەراورد بە کارکردنی ئۆتۆمبێلە کلاسییکییەکان بڕێکی یەجگار کەمتر ئەو گازە دەردەدەن.

هەروەک بەپێی راپۆرتێک کە بەناوی "ئاسۆکانی گواستنەوەی وزە ٢٠٢١" کە لەلایەن کۆمپانیای DNVی نەرویجیەوە ئامادە کراوە و پێشبینییەکانی دەربارەی ئۆتۆمبێلی ژینگە دۆستی لە خۆگرتووە، کۆیکردووەتەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ کردووە، سەدا ٥٠ی فرۆشتنی جیھانیی ئۆتۆمبێل تاکو ساڵی ٢٠٣٢، لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی پێکدێت.

ھاوکات بە پێی راپۆرتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانەی کە ساڵی رابردوو فرۆشراوە، سەدا ٤١ زیادیکردووە و ئاستی سێ ملیۆنی تۆمارکردووە. رێژەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵی رابردوودا سەدا ٤،٦ی کۆی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە جیھان پێکھێناوە.
وەرگیران: ئاکۆ ئاڵی