ئاری هەرسین: خەڵک لێمان توڕەیەو پێویستە وەک پارتى بەخۆماندا بچینەوە

کوردستان

21/12/2021‌ 3118 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی ـ هەڵەبجەی پارتی ڕایگەیاند، گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی ڕۆتینی سیاسین و دوورنییە ڕێككەوتنێكی نوێ بكەن و دەشڵێت" دەبێت ئێمە و یەكێتی لەسەر ئەو پرسە كۆببینەوە و ڕێكبكەوین لەسەرئەوەی كێ شیاوە بۆ ئەو پۆستە".

لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتیدا لەگەڵ شارپرێس،ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی ـ هەڵەبجەی پارتی رایگەیاند: لە نێوان ئێمە و یەكێتیدا لەبواری پراكتیكدا هەست بە پەیوەندییەكی ستراتیجی ناكەین و نەماوە، بەڵام دوای كۆبوونەوەی ئەم دواییە گرژییەكان كاڵبوونەتەوە، گرژییەكان ڕۆتینی سیاسین و دوور نییە ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتیدا بكەین.

لەبارەی پۆستى سەرۆك كۆمارەوە هەرسین دەڵێت: پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی گرنگە و سیبولیكە، ئێمە پێمان وایە پێش ئەحداس كەوتن زەرەری زیاترە لە قازنج، ئەگەر ئێمە و یەكێتی بە پشكی خۆمانی بزانین ئەوە لە بەر كامێرادا یەكلای ناكرێتەوە و دەبێت دابنیشین كێ شیاوە بۆ ئەو پۆستە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوك نەیشاردەوە، كە پارتی پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لەگەڵ یەكێتیدا دانیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین، دەبێت كۆببینەوە و بڕیار لەسەر كەسێك بدەین بۆ ئەو پۆستە.

سەبارەت بە یەكدەنگی كورد لە بەغدا باسی لەوەكرد، وەك پارتی هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بە یەكدەنگی و بەبێ درز بچینە بەغدا و بۆئەوەش یەكێتی وەڵامی زۆر باشبووە و جەخت لەوە دەكەینەوە هەموو لایەنەكان بەیەكەوە بچینە بەغدا.

لەبارەی قۆرخكردنی داهاتی هەولێر و دۆهك لەلاەین پارتی و سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە وتی: پێویستە پرسیاری داهاتوو موچە لە وەزیرى دارایی بکرێت کە نە پارتییەو نە یەکێتییە، بەڵام ئەگەر داهاتی خاڵەسنورییەكان و ناوخۆ نەچێتەوە ناو قاسەی وەزارەتی دارایی ئیتر وەزارەتی داراییمان بۆچییە، باحزب بیبا بەڕێوە.

بە وتەى ئاری هەرسین نابێت هەڵسوكەوتی پەرلەمانتار وەك ڕۆژنامەنوس بێت، ئەوەی پەرلەمانتارە دەبێت بەدواداچوون بكات و پێویست ناكات لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان گفتوگۆی لەسەر بكات، دەبێت لە لیژنەكاندا باسی بكات.

لەوەڵامی ئەوەی ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی داهاتوودا و لەوادەی خۆیدا دەكرێت؟ جەختیكردەوە، كە لە سەدا سەد هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت.

لەبەشێکى دیکەی قسەکانیدا هەرسین وتى، ئیمە پێویستە زۆر بە پەلە یەک دوو شت بکەین،یەکێک لەوانە ئەوەیە کە دەبێت بەخۆماندا بچینەوە، بزانین بۆچی خەڵکێکى زۆر نەهاتووە بۆ دەنگدان لە کێ توڕەیە، پێویستە لێی تێبگەین لەکوێدا خەتای ئێمەی تێدایە وەکو پارتى کە پێویستە بەخۆماندا بچینەوە، وە پێویستە بەدەنگى بەرز بلێین بەشێکی نەهاتنى خەڵک بۆ سندوقەکانى دەنگدان لەبەر ئەوەیە کە خەڵک لێمان توڕەیە لەسەر ئەو کەموکوڕیانەى هەیە لە هەرێمەکەمان".

سەبارەت بە هۆکارى توڕەیی خەڵکیش ئەندامەکەى سەرکردایەتى پارتى دەڵێت" لە هەندێ شوێن ئێمە هەندێ شتى باشمان نەکردوە، بۆیە خەڵک توڕەیە، دەبێت خۆمان چاک بکەین".


س.س