دوو مەترسیی لەسەر ئاژەڵی خۆماڵی لە هەرێم ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

03/01/2022‌ 1336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەهۆی گرانبونی ئالیك و بە قاچاخهێنانی ئاژەڵ لە دەرەوەی مەترسی لەسەر سامانی ئاژەڵی خۆماڵی لە هەرێم دروستبووە.

 عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: وەک هەر سێکتەرێکی دیکە و  لەسایەی ئەم دەسەڵاتەوە، سامانی ئاژەڵی خۆماڵی لەژێر دوو هەڕەشەی جدی دایە و ئاژەڵدارانیش بە چەندین ڕێگا سکاڵا و داوای خۆیان گەیاندووە بە ئێمە .

ئەو پەرلەمانتار لە پەیجی خۆی مەترسییەكانی ئاشكراكردووە و نوسیویەتی: مەترسیەكان یەكەمیان گرانبوونی ئالیکی ئاژەڵ بەتایبەتیش جۆ، دووەمیان، بەقاچاخ هێنانی ئاژەڵ لە سوریا و ئێرانەوە ،کە ئەمەیان خەتەرناکە هەم لە ڕووی تەندروستیی بەکاربەرانەوە کە زۆربەیان نەخۆشن، هەم لەڕ و لاوازیشن

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری دەشڵێت: ئەم قاچاخچێتییە جگە لەوەی زیانی گەورە بە ئاژەڵداران دەگەیەنێت، ئەم کەرتە بەرەو داڕوخان دەبات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر مافی ئاژەڵداران و هەوڵدان بۆ پاراستنی سامانی خۆماڵیی ئاژەڵ، لەم هەفتەیەشدا و وەک لیژنەی کشتوکاڵ لەسەر ئەم بابەتە قسەیان دەبێت.
س.س