سەدام لەنێوان نەفرەت و رەحمەتدا... کورد چۆن وێنەى سەدام دەبینێت؟

عیراق

05/01/2022‌ 2375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وێنەیەکی نوێ بۆ سەدام حسێن دروست دەکرێت، وێنەیەک کە هەرگیز لەو وێنەیە ناچێت کورد لە ڕابردودا بینیویەتی، وێنەیەک کە مێژوی پێ ئاوەژو دەکرێتەوەو لە بری نەفرەت ڕەحمەت بۆ سەدام دەهێنێت.

هەوڵێک لە ئارادایە بۆ جوان پیشاندانی وێنەی سەدام، بەشێک بە نەزانی و بەشێک بە پلان کەوتونەتە نێو ئەو هەوڵەوە...

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە شەقامی کوردی و چاخانە و بازاڕەکاندا،لەسەر ئاستی خەڵکی گشتی و قسەی شەقام و رایگشتیی میللی لەبارەی سەدامەوە خەڵک قسەی دەکرد،هاوڵاتیان قەهری دڵی خۆیان دەڕشت بە نادادیەکانی بەرپرسانی کورد، لەبەرامبەردا دەکەوتنە پیا‌هەڵدانی گەورە دیکتاتۆرەکەی بەغدا، بە دەست پاک و راستگۆ و بەوەفا ناویان دەهێنا، ئەمە پاش ئەوەی کە سەدام بەهۆی تاوانەکانیەوە دادگا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکردو و لە سێدارە درا.

وایان پشان دەدا کە حکومەتەکەی سەدام حسێن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باشترە.ئەم راو بۆچوونە لە سادەیی و نەخویندنەوەی قوڵەوە سەریهەڵدا، پاشان پەڕییەوە بۆ ناو سۆشیاڵمیدیا و نوسین و پەڕەکانی ئینتەرنێت.

قۆناغی مەترسیدارتر ئەوەبوو ئەو جۆرە گوتار وبیرکردنەوەیە هاتە ناو گوتاری سیاسی و میدیاییەوە، بەشێک لە سیاسیەکان لەسەر هەمان ئاواز، لەگەڵ هەندێک میدیادا دەیڵێنەوەو بە شان و باڵی سەدام حسێن و دادگەری و وەفاو بەریوەبردن و بەهێزیەکەیدا هەڵدەدەن.

ئەوان بزانن یان نا، بونەتە بەشێک لە هەوڵی جوانکردنی سیمای کەسێک کە دەستی بە خوێنی هەزارەها تاکی کورد سورەو خاوەنی تاوانەکانی کیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید و خاپورکردنی گوندەکانی کوردستانە، هاتوون لە ڕێگەی نوسین و بەرهەمە میدیاییەکانیانەوە بونەتە بەشێک لە دروستکردنی مێژویەک بۆ سەدام حسێن کە نەوەکانی داهاتوی وڵات نەزانن کام وێنەیە دروستە، ئەوەی نەوەکانی پێش ڕاپەرین دەیگێرنەوە یان ئەو وێنەیەی ئەو جۆرەنوسەر و میدیاو قەڵەم بەدەستانە کێشاویانە، لە کاتێکدا ئەسڵەکە ئەوەیە سەدام بە درێژایی مێژوی حوکمرانی خۆی لە هەوڵی سرینەوەی وێنەی میلەتی کورددا بوە لەسەر نەخشەی جیهان.

پیاهەڵدان و ستایشکرنی سەدام لەلایەن بەشێک لە شەقام و نوسەر و میدیاکانەوە ئێستا گەشتۆتە ئاستێک هەندێک کات پەرلەمانتار و بەرپرسانی حزبەکانیش بۆ نیشاندانی ناشیرینیەکانی دۆخی ئێستای هەرێم، پەنا دەبەنە بەر ستایشکردنی سەدام و حوکم و چۆنێتی بەڕیوەبردنی وڵات لەسەردەمی ئەودا، پسپۆرانی دەرونزانی دەلێن ئەمە ترسناکترین جۆری وێنە کێشان و پیاهەڵدانە، چونکە ئیدی وردە وردە ئەو وێنەیە لە زهنی تاکی کورددا دەچەسپێت و بە درێژایی چەند ساڵێک وێنە کۆنەکە لە بیری خەڵکیدا دەسرێتەوەو وێنە نوێکە جێگەی دەگرێتەوە، کە هیچ لە کاراکتەری بنەرەتی ناچێت و وێنەیەکی دروستکراوی درۆینەیە کە کەسانێک کێشاویانە خۆیان قوربانی یەکەم و کۆتایی دەستی ئەو رژێمەن.

پیاهەڵدان و ستایشکردنی سەدام بە بیانوی ئەوەیە کە دۆخی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک قەیران و کێشەی ئاڵۆزکاودا تێدەپەرێت و گلەیی و گازندەی هاولاتیان لە حکومەتی هەرێم گەشتۆتە لوتکە، هەر بۆیە ئەوانەی پاڵپشتی ئەو جۆرە گوتار و پیا هەڵدانە دەکەن ڕەوایەتی دەدەنە ئەو کارەو بە کارێکی ئاسایی دەزانن، بەڵام لە بنەرەتدا بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە هیچ کەسێک بچوێنرێت بە ستەمکار و دیکتاتۆر و خاوەنی تاوانە گەورەکانی مێژوو، لە جیهاندا هیچ نمونەیەکی هاوشێوە نییە کە لەبەر نارەزایی لە دۆخێک پەنا ببرێتە بەر جوانکردنی سیماو وێنەی کەسانێک کە تاوانی دژ بە نەتەوەکەیان ئەنجام دابێت.

لەپاش فراوان بوون و گەشەکردنی ئەو گوتار و بەرهەمە میدیاییانە بەشێکی زۆر لە رێکخراو و کەسایەتییەکانی بواری جینۆساید و ئەنفال و کەسوکاری قوربانیان هاتنە دەنگ و داوای ڕاگرتنی ئەو جۆرە گوتارە دەکەن و بە گوتارێکی تەواو پێچەوانەی نەتەوەی کورد و خوێنی شەهیدان و قوربانیەکانی ناو دەبەن.

ئەوان داوا دەکەن سزای هەر کەس و میدیاو لایەنێک بدرێت کە دەبێتە بەشێک لەو هەڵمەتەو ستایشی کارەکانی سەدام دەکات.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان داوایان لە پەرلەمان کردوە کە بە یاسایەک رێگری بکات لە دووبارە بونەوەو بەردەوامیی ئەو دیاردەیەو سزای هەر کەس و میدیاو لایەنێک بدرێت کە دەست بۆ ئەو کارە دەبات و بە یاسا ستایشکردنی تاوانباران قەدەغە بکرێت.