چوارچێوەی هەماهەنگیی: پێدەچێت دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی هەڵبوەشێنرێتەوە

عیراق

14/01/2022‌ 2069 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکانی نزیک لەئێران رایدەگەیەنن کە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی کاتیی کارکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتنە بۆ "بەرەی مقاوەمە"، جەختیش دەکەنەوە کە پێدەچێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەربکات.

لەوبارەیەوە چوارچێوەی هەماهەنگیی لەبەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنن" بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی کارکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرکەوتنە بۆ پڕۆژەی بەرگریی و بەڵگەیە لەسەر ئەو بانگەشانەی پێشوتریان بەوەی دەستەکە بەشێوەیەکی شەرعی و یاسایی هەڵنەبژێردراون، بەڵکو بەگوێرەی ڕێککەوتنی ژێربەژێر و سات و سەودای سیاسیی ئەنجامدراوە، بەتایبەت دوای درووستبوونی ئەو بێسەرەوبەرییە و بازدان بەسەر سەرۆکی کاتی پەڕلەمان وەک بەتەمەنترین پەڕلەمانتاری خولەکە.

ئەوەش هاتووە: پێدەچێت دادگای فیدراڵیی لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بڕیارێکی نوێ دەربکات و دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی بەیەکجارەکیی هەڵبوەشێنێتەوە، جەختیشیان کردۆتەوە کە ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە بدات ڕێزلێگیراوە و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەند بن.

رۆژی پێنجشەممە دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای دوو سکاڵا کە لەلایەن باسم خەششانی پەڕلەمانتاری سەربەخۆ و مەحموود مەشهەدانی سەبارەت بە نایاساییبوونی یەکە دانیشتنی پەڕلەمان پێشکەش کرابوون، بەشێوەیەکی کاتیی کارکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی راگرت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی