له‌نێوان 10 كاندیده‌ كورده‌كه‌ بازه‌كه‌ به‌شانى كێوه‌ ده‌نیشێته‌وه‌؟

کوردستان

16/01/2022‌ 2694 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژ بەڕۆژ لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق نزیکدەبینەوەو تادێت ململانێکانیش توندتر دەبن. لێدوانەکان دژ بەیەک‌و ئاراستەکانیش پێچەوانە دەبنەوە، هەر کاندیدەو خۆی ئامادەکردوە بۆ ئەوەی چوارساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بکات، پێکهاتەی کوردیش جیاواز لەساڵانی ڕابردوو ئەمجاره‌ بەزۆرترین ژمارەی کاندیدەوە دەچێتە هۆڵی پەرلەمان‌و هەموان چاویان لەوەیە ئاخۆ بازەکە بەسەر کێوە دەنیشێتەوەو دەبێتە فەرمانڕەوای وڵات.


لەدوای بڕیارەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، لەتەواوی عێراق زیاتر لە 35 کەس خۆیان کاندیدکردوەو ڕێکارەکانیان جێبەجێکردوە بۆ بون بەکاندیدی سەرۆکایەتی.

لەو ژمارەیە نزیکەی 10 کەسیان کوردن‌و بەشێک لەوانیش وەک نوێنەری حزبەکان‌و بەشێکی تریشیان وەک کاندیدی سەربەخۆ چونەتە ململانێکەوە، ئەگەرچی هەندێک لەکاندیدەکان هەر لەسەرەتاوە ئەنجامەکانیان لاڕونەو دەزانن دەرچونیان بۆ پۆستەکە هیچ ئەگەرێکی نییەو ناتوانن سەربکەون، بەڵام بەشێک لەکانیدەکان لەململانێیەکی توندان‌و تەنها یەکدەنگی پەرلەمانتاران لەوانەیە هاوکێشەکان بگۆڕێت لەبەرژەوەندی یەکێک‌و لەدژی ئەوی تریان.

د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەو خۆیی‌و حزبەکەی دەیانەوێت بۆ چوار ساڵی داهاتوی وڵات هەر ئەو سەرۆک کۆمار بێت.

پارتی بەتەواوی توانایەوە لەدژی بەرهەم ساڵح کاردەکات‌و خودی بارزانی هێڵی سوری هێناوە بەژێر ناوه‌کەیداو دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت ڕێگە لەدەرچونەوەی ناوبراو بگرێت.

بەرهەم ساڵح بەکەسێکی خاوەن توانایەکی زۆری دبلۆماسی‌و خاوەن تۆڕێکی بەهێزی پەیوەندی نێوخۆیی‌و دەرەکی ناسراوەو یەکێکە لەوکەسانەی کە لەڕابردودا پشتیوانی دەرەکیی بەهێزیی هەبوە، لەشەقامی عه‌رەبیداو کەسێکی قبوڵکراوە.

د.بەرهەم ساڵح بەردەوام‌و لەقۆناغە جیاوازەکاندا لەنێوخۆی حزبەکەی بەشێک لەسەرکردەکان دژی وەستاونەتەوەو بونەتە بەربەست لەبەردەم هەنگاوەکانیدا.

ئەگەرچی ئێستاش دۆخی حزبەکەی لەبارێکی خراپدایە، بەڵام وەک تاکە کاندیدی حزبەکەی چوەتە ململانێکەوەو پشتیوانی زۆرینەی سەرکردایەتی حزبەکەی بەدەستهێناوە، ئەگەرچی بەشێک لەو سەرکردانەی کە لەدێرزەمانەوە دژایەتیدەکەن‌و بەشێک لەوانەش کە لەپارتی‌و بارزانییەوە نزیکن، بەهەمانشێوە دژایەتیدەکەن‌و نایانەوێت ببێتەوە سەرۆک کۆمار.

هۆشیار زێباری یەکێکی ترە لەکاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆمارو خودی بارزانی‌و تەواوی پارتی پشتیوانیدەکەن‌و مەبەستیانە کورسیەکە لەبەرهەم ساڵح وەربگرنەوەو هۆشیار زێباری لەسەر دابنێن، زێباری بەوپێیەی لەڕابردودا وەزیری دەرەوەی عێراق بوە بەهەمانشێوەی بەرهەم ساڵح خاوەنی تۆڕێكی بەهێزی پەیوەندییە، بەڵام لەنێو شەقامی عەرەبیدا بەکەسێکی نەویستراو ناوبانگی دەرکردوە، ئەو ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی‌و خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییە، بەوپێیەبێت پارتی‌و خودی بارزانی بەهەموو تواناوە کاردەکەن بۆ ئەوەی کاندیدەکەیان بىێتە براوەی پۆستەکە.

هۆشیار زێباری یەکێک لەو بابەتانەی کە دەبێتە مەترسی لەسەری بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ئەوەیە کە لەساڵانی ڕابردوداو کاتێک وەزیری دارایی عێراق بوو لەسەر گەندەڵى‌و بەهەدەردانی پارەو سامانی گشتی لەپەرلەمانی عێراق متمانەی لێوەرگیرایەوەو بەگەندەڵ ناوی تۆمارکرا کە ئەمە هەم بۆ خودی خۆیی‌و هەم بۆ پارتی‌و بۆ تەواوی کوردیش بوە تانەیەکی گەورەو عەیبەیەکی دیار.

پێدەچێت هێزە عەرەبیەکان بەتایبەت بەشێک لەهێزە شیعەکان بەبۆنەی ئەو تۆمه‌تانەوەو بونی ئەو بەڵگانە لەسەری، نەیانەوێت دەنگبدەنە هۆشیار زێباری‌و ئەگەری دەرچونی کەمتربێتەوە.

لەلایەکی تریشەوە حزبەکەی ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ چەند هێزێک هەیە کە ئەمەش دەبێتە پشتیوانێکی باش بۆ هۆشیار زێباری لەململانێکەدا.

یەکێکی تر لەوکەسانەی خۆی کاندیدکردوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، حاکم ڕزگار محەمەد ئەمین دادوەری دیاری هەرێمی کوردستانە، ناوبراو بەکەسێکی دیارو کۆمەڵایەتی‌و دادوەرێکی حەقبێژ ناسراوە، یەکێکبوو لەو دادوەرانەی کە دادگایی سەدام حسێن‌و سەرانی حزبی بەعسی کردو ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد.

حاکم ڕزگار ئەندامی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بوو، وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی نادادی‌و فشارەکانی سەرییەوە دەستی لەکارکێشایەوەو کارکردنی لەئەنجومەنەکە هەڵپەسارد.

ئەگەرچی کەسێکی خۆشەویست‌و ناسراوو ڕێزلیگیراوە لەلایەن سەرجەم هێزەکانەوە، بەڵام چانسی دەرچونی زۆرکەمەو پێناچێت هیچکام لەپەرلەمانتارانی کورد پشتوانی بکەن بەهۆی دابەشبونە سیاسیەکان‌و بونی کاندیدی حزبەکانەوە لەململانێکەدا.

خالید شێخ سدیق عەبدولعەزیز کوڕی مامۆستا سدیقی ڕابەری پێشوی بزوتنەوەی ڕاپەرینی ئیسلامی یەکێکی ترە لەکاندیدەکان، ئەو ئەگەرچی ئەندامی بنەماڵەیەکی دیاری شاری هەڵەبجەیەو لەناوچەی هەڵەبجەو شارەزور کەسێکی ناسراوە، لەهەمانکاتیشدا لەسەر پشکی بزوتنەوەی ئیسلامی پلەی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی هەیە، بەڵام لەچاو کاندیدەکانی تری کێبڕکێکەدا کەسێکی نەناسراوەو چانسی زۆر کەمە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار.

ناوبراو بانگەشەی ئەوەدەکات هێزە شیعی‌و مەزهەبیەکان پشتیوانیدەکەن لەبەرئەوەی لەنەوەی پێغەمبەرەو ئەوان بەئامۆزای خۆیانی  دەزانن، لەلایەکی ترەوە باس لەوەدەکات، کە قسەی لەگەڵ هێزەکانی هەرێمی کوردستان کردوەو لاریان نەبوە لەبونی بەسەرۆک کۆمار.

دکتۆر لەتیف ڕەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، یەکێکی ترە لەبەربژێرەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، ناوبراو ئەمە دوەمجارە خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستەکە، لەساڵی 2018 خۆی کاندیدکردو لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت بۆ بون بەکاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.

ئەو ئەگەرچی بەشێک لەچاودێران‌و شەقامی سیاسی پێیانوایە کاندیدی جێگرەوەی حزبەکەیەتی بۆ هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری لەکاندیدبونی دکتۆر بەرهەمدا، بەڵام هەم خودی حزبەکەو هەم خودی خۆشی ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوەو ئاشکرایدەکات، بەشێوەی سەربەخۆ چوەتە ململانێکەوە ئەگەرچی دەزانێت ئەگەری دەرچونیشی نزیکە لەسفرەوە لەدۆخێکی وەک ئێستادا.

ڕێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، یەکێکە لەکاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەگەرچی حزبەکەی لەسەرزاری سەرۆکەکەیەوە هەرزوو ڕایگەیاند، هیچ پۆستێک وەرناگرن‌و نابنە بەشێک لەدەسەڵات، کەچی ئێستا شەڕی بەرزترین پۆستی وڵات دەکەن.

ڕێبوار ئەوڕەحمان، ڕۆژنامەنوسێکی دیاری کوردستانەو ئەوکەسانەی دەیناسن پێیانوایە، کەسێکی ڕۆشنبیرو لێهاتوو خاوەن توانایە، ئەو لەچەند میدیایەک وەک پێشکەشکار کاریکردوە، کە زۆرترین دەرکەوتنی لەکەناڵی (ئێن ئاڕ تی) سەر بەجوڵانەوەی نەوەی نوێوە بوە.

بەشێکی زۆر لەچاودێران‌و شارەزایان پێیانوایە، کاندیدکردنی ڕێبوار ئەوڕەحمان وەک کاندیدی نەوەی نوێ‌و هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک، بەشێکە لەجوڵەو یاریەکانی جوڵانەوەکە بۆ ڕەوایەتیدان بەبەشدارییان لەکۆبونەوەی پەرلەمان‌و تەواوکردنی نیسابی یاسایی بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە ئەگەر ئەوان‌و یەکێتی‌و هێزەکانی هەماهەنگی شیعیی بایکۆتی کۆبونەوەکە بکەن نیسابی یاسایی تێکدەچێت‌و کۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجامنادرێت، بۆیە بەڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی تر بڕیاری ئەوەیانداوە کاندیدیان هەبێت‌و بەشداریی لەکۆبونەوەکە بکەن‌و نیسابی یاسایی تەواوبکەن.

ئەمە بەشێکبون لەو کاندیدە کوردانەی کە خۆیان بەربژێرکردوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەپاڵ ئەمانەشدا چەند کەسێکی تر فۆڕمی کاندیدبونیان پڕکردۆتەوە کە چانسیان لەمان زۆر لاوازترەو ڕەنگە نەتوانن هیچ دەنگێکی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن لەنێو هۆڵی پەرلەمان.

ئێستا شەقامی سیاسی‌و چاودێران‌و هاوڵاتیانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان لەچاوەڕوانی ئەوەدان ململانێکان ببنە ڕکابەریی نێو هۆڵی پەرلەمان‌و دەیەمین سەرۆک کۆماری عێراق دیاریبکرێت بۆ چوارساڵی داهاتوی وڵات.