پنتاگۆن: سوپای ڕوسیا لاواز بووە

جیهان

27/04/2022‌ 799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، سوپای ڕوسیا بەراورد بەپێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لاوازتر بووە، بەرپرسێکی تری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ده‌ڵێت:"ڕوسیا لەسەدا 70ى چەکە زیرەکەکانی لەئۆکرانیا بەکارهێناوە".


جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی‌و پێش کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی هاوپەیمان‌و هاوبەشانی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) ڕایگەیاند، "سوپاو دەوڵەتی ڕوسیا لاواز بوون".

جەختیشیکردەوە، ئەوان مەبەستیانە لەداهاتوودا ڕوسیا بەڕادەیەک لاوازبێت کە نەتوانێت جارێکی تر هەڕەشە لەدراوسێکانی بکات.

بەوتەی کێربی، ئابووری ڕوسیا بەدەست گەمارۆکانەوە دەناڵێنێت‌و سوپاکەشی لەچەندین بواردا لێی بڕاوە، جگەلەوەی لەڕووی گیانییەوە لەهێرشەکەی سەر ئۆکرانیادا زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە.

سەبارەت بەدۆخی سوپای ڕوسیا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئامادەنەبوو وردەکاریی زیاتر باس بکات.

هەروەک بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە لێدوانی بۆ کەناڵی "سکای نیوز عەرەبییە"داوەو داوایکردووە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت وتویەتی:"سوپای ڕوسیا لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا، لەسەدا 70چەکە زیرەک‌و وردپێکەکانی بەکارهێناوە".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی پنتاگۆن، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەوە پیشاندەدەن، پوتن زۆر لەفەرماندە سەربازییەکان نیگەرانەو متمانەی بەجەنەراڵە گەورەکان نەماوە، باسی لەوەشکردووە، پەیوەندی پوتن بەسێرگی شویگۆی وەزیری بەرگریی وەک جاران بەهێز نەماوە.

لەگەڵ ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکا، بەڵام گەورە بەرپرسانی ڕوسیاو لەسەروشیانەوە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا چەندینجار ئەوەیان ڕاگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان لەناو ئۆکرانیا بەگوێرەی ئەو پلانە بەڕێوەدەچێت کە بۆی داڕێژراوە.