بەپێ رۆیشتن باشترین قەڵغانی پێشگریکردنە لە تووشبوون بە سەکتەی مێشک

تەندروستی

08/05/2022‌ 571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی کۆمەڵەی ئەڵمانیی بۆ یارمەتیدانی نەخۆشانی سەکتەی مێشک دەڵێت بەپێ رۆیشتن وەک قەڵغانی پێشگریکردنە لە تووشبوون بە سەکتەی مێشک؛ بەوپێیەی بەرەنگاری ئەو فاکتەرانە دەبێتەوە کە مەترسیی تووشبوون بە سەکتە زیاد دەکەن وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئاستی شەکری خوێن و ڕێژەی کۆلیسترۆڵی خوێن.

فریدریکە بریزیت ئەندامی کۆمەڵەکە ڕوونیکردۆتەوە کە ئەوانەشی تووشی سەکتەی مێشک بوون دەبێت هەفتانە لانیکەم 150 خولەک چالاکیی جوڵەکردن بەشێوەی مامناوەند ئەنجام بدەن، واتە کەسەکە لەکاتی وەرزشکردن دەتوانێت تەنیا قسە بکات نەوەک گۆرانیی بڵێت.

باسی لەوەشکردووە کە نیشانەکانی سەکتەی مێشک بریتین لە سەرئێشەیەکی توند،سەرلەگێژەوەهاتن، تێکچوونی هاوسەنگی رۆیشتن، تێکچوونی توانای بینین، تێکچوونی توانای قسەکردن و دەرکەوتنی نیشانەکانی ئیفلیجبوون.

لەکاتی دەرکەوتنی ئەو نیشانانە دەبێت دەستبەجێ کەسەکە ببرێتە نەخۆشخانە و بخرێتە ژێر چاودێری چڕی پزیشکییەوە، لەبەرئەوەی لەحاڵەتی پشتگوێخستنیدا ئاکامی تەندرووستیی مەترسیداری دەبێت لەشێوەی ئیفلیجبوون و بەرکەوتنی زیانی درێژخایەن بە مێشک.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی