هواوی مۆبایلی چەماوەی Mate Xs 2 ی نوێ رادەگەیەنێت

هەمەڕەنگ

08/05/2022‌ 593 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای هواوی مۆبایلی هۆشمەندی چەماوەی" Mate Xs 2" نوێی راگەیاند کە بەشێوەیەک دیزاینکراوە کەبەپێچەوانەی مۆبایلە چەماوە ڕکابەرەکانی تر، شاشەکەی بەرەو رووی دەرەوە دەچەمێتەوە.

هەرچی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی مۆبایلەکەیە بریتییە لە بوونی شاشەیەکی ئۆلێدی قەبارە 7.8ئینچ و کوالێتی پیشاندانی 2480× 2200 پێکسڵ و تێکڕای چالاککردنی وێنە 120 هێرتز، لەکاتی چەمانەوەیدا قەبارەی شاشەکەی بۆ 6.5 ئینچ کەمدەبێتەوە.

هەرچی پڕۆسێسەرەکەیەتی ئەوە لە جۆری پڕۆسێسەری نوێی هواوی HiSilicon Kirin 9000 کۆڕی هەشتە، لەگەڵ رامێکی 8 و  12 گێگابایت و یادگەیەکی ناوخۆیی بە توانای 256 و  512 گێگابایت.

لەتەنیشتی بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە کامێرایەکی سێ هاوێنەیی هەیە کە کوالێتی کامێرا سەرەکییەکە 50 مێگاپێکسڵە، لەگەڵ کامێرایەکی گۆشەفراوان بە کوالێتی 13 مێگاپێکسڵ و کامێرایەکی خوێندنەوەی قوڵایی وێنە بە کوالێتی 8 میگاپێکسڵ.

هواوی بۆ مۆبایلە نوێکەی پشتی بە پاترییەک بەستووە کە هێزی 4880 میلی ئەمپێری هەیە، کە بەتکنیکی خێرا بارگیاویکردنەوە کاردەکات بە گوڕی 66 وات، بەشێوەیەک لەماوەی 30 خولەکدا لە سفرەوە بۆ لەسەدا 90 بارگاوی دەبێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ  ئاڵی