نەخۆشیەکانی کوێرەرژێنێ پەریزادە یاخود غودەی دەرەقی

تەندروستی

12/05/2022‌ 538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دکتۆر عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناوپسپۆری ورد لە نەخۆشییەکانی شەکرەو ھۆرمۆنات دەڵێت"کوێرەرژێنێ پەریزادە یاخود غودەی دەرەقی، دەکەوێتە ناوەڕاستی ملی مرۆڤ. ئەو کوێرەرژێنە ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست دەکات، ئەو ھۆرمۆنە ڕۆلێکێ زۆر گرنگ لە رێکخستنی زیندەچالاکیەکانی لەشی مرۆڤ دەبینێت. کوێرەرژێنی پەریزادە لەژێر کۆنترۆلی ژێرمێشکە ڕژێنە( Pituitary gland ) کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی مێشک لەباری ئاساییدا بڕی پێویست لە ھۆرمۆنی سایرۆکسین کۆنترۆل دەکرێت".

ئاماژەى بەوەشکردوە، دیارە غودەی دەرەقی تووشی کۆمەلێک نەخۆشی دەبێت لەوانە ئاوسان و گەورەبوونی کوێرەرژێن (Goitre )و پەیدابوونی گرێ ( Thyroid nodule )، لە زۆربەی حالەتەكاندا ئەو گرێیانە ھیچ کێشەیەک بۆ نەخۆش درووست ناکەن ، بەلام رێژەیەکی زۆر کەم لەو گرێیانە بۆی ھەیە شێرپەنجە بێت ، ھەر بۆیە ھەر ئاوسانێکی غودە پێویستە لە لایەن پزیشکی پسپۆر ھەلسەنگاندنی بۆ بکرێت .

هەروەها ئەو پزیشکە دەشلێت"ئەو نەخۆشیانەی کار دەکاتە سەر فەرمانی کوێرەرژێنی پەریزادە بریتین لە ژەھراوییبونی غودە (Thyrotoxicosis) کە ھەندێک جار بە غودەی ھار لەناو خەلک دەناسرێت، لەم حالەتەدا گلاندەکە رێژەیەکی زۆر لە ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست دەکات و کۆمەلێک کێشە بۆ نەخۆش درووست دەکات. رێک پێچەوانەی ئەو نەخۆشیە پەک کەوتنی یاخود سستی غودە ( Hypothyroidism )ھەیە کە دەبێتە ھۆی کەمبوونەی رێژەی ھۆرمۆنی سایرۆکسین و یەکێکە لە حالەتە باوەکان و چارەسەری لە رێگای حەبی سایرۆکسین زۆر ئاسانە. ھەوکردنی کوێرەرژێنی پەریزادە ( Thyroiditis )حالەتێکی کاتیە بەلام دەستنیشانکردنی گرنگە بۆ ئەوەی نەخۆش دەرمان بەھەڵە بەکارنەهێنێت" .

هەروەها باس لەوەش دەکات کە لە دوای نەخۆشی شەکرە کێشەکانی غودەی دەرەقی بەشێکی زۆری کارەکانی پسپۆرانی کوێرەرژێنەکانە ھەول ئەدەم لە رێگای چەند پۆستێک ھەرجارەی باسی یەکێک لەو نەخۆشیانە بکەم و زیاتر ئەو خالانە باس بکەم کە سوودی بۆ نەخۆش ھەبێت . ئەگەر کەسێک دەناسیت نەخۆشی غودەی دەرەقی ھەبێت ئەو پۆستە شێر بکە بۆ ئەوەی بتوانن لە ئایندە پۆستەکانم بخوێننەوە .