ئەردۆغان لێدوانی مەترسیدار لەبارەی کوردو ئەندامبونی سویدو فینلەندا لەناتۆ دەدات

کوردستان

17/05/2022‌ 4008 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ئەوان ڕازینابن هەریەک لەسویدو فینلەندا ببن بەئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ)، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ڕازییش نیین شاندی ئەو دوو وڵاتە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە بێنە ئەنکەرە".


سەرۆکی تورکیا لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ عەبدولمەجید تەبوونی هاوتا جەزائیرییەکەی ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی سویدو فینلەندا لەپشتیوانیکردنی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان‌و سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا، وڵاتەکەیان دژایەتیی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لەهاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی دەکات".

بەوتەی سەرۆکی تورکیا، سویدو فینلەندا هەڵوێستێکی ڕوون‌و ڕاشکاویان دژ بەکوردانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و ئەو ڕێکخراوانە نییە کە سەر بەئیدارەی خۆسەرن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەرئەو هۆکارە لەم قۆناغەدا ناتوانن ڕازیی بن ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ.

ئەردۆغان هەر لەسەر هەمان بابەت وتویەتی:"پێویستناکات شاندی سویدو فینلەندا بێنە ئەنکەرە بۆئەوەی بڕوامان پێبهێنن ڕازیی بین ببنە ئەندامی ناتۆ".

ڕۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، "ئان لیندی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەو بیکا هافیستۆی هاوتا فینلەندییەکەی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی بوونیان بەئەندام لەهاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی، سەردانی تورکیا دەکەن".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، میدیا ڕۆژئاواییەکان باسیان لەوەکردووە، تورکیا وەک پێش مەرجی گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی بەئەندامبوونی سویدو فینلەندا لەهاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی، لیستێکی ناوی چەند سەرکردەیەکی کوردی باکوورو ڕۆژئاوای کوردستانی داوەتە ئەو دوو وڵاتە بۆئەوەی ڕادەستی تورکیایان بکاتەوە، بەڵام داوکارییەکەی تورکیا لەلایەن ئەو دوو وڵاتە ڕەتکراوەتەوە.