چۆن سیستەمی "ستارلینک"ی ئیلون ماسک یارمەتی تێکشکاندنی تانکەکانی رووسیا دەدەن؟

جیهان

08/06/2022‌ 810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "تایمز لەندەن"ی بەریتانی،  سیستەمی مانگە  دەستکردەکانی "ستارلینک" کە لەلایەن ئیلۆن ماسکی ملیاردێری ئەمەریکییەوە خاوەندارێتیی دەکرێت، یارمەتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا دەدات بۆ لەناوبردنی چەکەکانی ڕووسیا و تێکشکاندنی ئامانجە سەربازییەکانیان.

رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە کە یەکەی سیخوڕی ئاسمانی تایبەتمەندی Aerorozvidka کار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان دەکەن، کە بە کامێرای حەراریی  تەیار کراون بۆ بینینی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕووسیا وەک تانک بارهەڵگرەکان لەکاتی لێخوڕینی شەودا، بەگوێرەی رۆژنامەكە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان دەستكاری كراون بۆ ئەوەی نارنجۆكی دژە تانك بخەنە سەر ئامانجەكان.

یەکێک لەفەرماندەکانی ئەو یەکە  سیخوڕییە باسی لەوەکردووە لەکاتی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە بە سیستەمی بینینی حەراریی لەشەواندا تەیار کراون، ئەوە دەبێت فڕۆکەکە بە لەڕێگای مانگە دەستکردەکانی ستارلینکەوە  بە هێزە تۆپهاوێژەکانەوە بەسترێنەوە بۆئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت.

سیستەمی ستارلینک کە لەبنەرەتەوە بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی هەرەخێرا بۆ سەرانسەری جیهان دامەزراوە، بواری ئەوە بە تیمی کارپێکەری فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان دەدات تەنانەت لەکاتی بڕانی هێڵی ئینتەرنێت و کارەباش لە ئۆکرانیا بەشێوەیەکی کارا کاربکەن.

رۆژی 26ی شوبات و تەنیا دوو رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئەو وڵاتە، میخائیلۆ فیدۆرۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا لە تویتەر داوای لە ئیلون ماسک کرد کە وێستگەکانی ستارلینک  بۆ ئاسمانی ئۆکرانیا بنێرێت، ماسکیش وەڵامی داواکارییەکەی فیدۆرۆڤی دایەوە و خزمەتگوزاری ستارلینکی لە ئۆکرانیا چالاک کرد و بەڵێنیدا وێستگەی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە بنێرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی