بۆچی چین راپۆرتێکی فەرمیی لەبارەی بوونی ژیانی تر لە گەردووندا سڕییەوە؟

جیهان

17/06/2022‌ 2358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەماوەی رابردوودا رۆژنامەی " Science and Technology Daily " كە گۆڤارێكی زانستییە و لەلایەن وەزارەتی زانست و تەكنەلۆجیای چینەوە بڵاودەکرێتەوە، راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە و تێیدا هاتووە: پێدەچێت تەلەسكۆپی زەبەلاحی سکای ئای سیگناڵی شارستانیەتەکانی دەرەوەی زەوی پێگەیشتبێت، بەڵام وا دیارە دواتر راپۆرتەکە و بڵاوکراوەکانی تر پەیوەندیدار بەو بابەتە سڕدرابێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو سیگناڵە کارۆموگناتیسییە باندە تەسکانەی کە لەلایەن سکای ئاییەوە گیراون، لەو سیگناڵانەی پێشتر گیراون جیاوازن، ئەوەش بەپێی وتەی ژانگ تۆنگی گەورە زانای تیمێکی توێژینەوە لەبارەی شارستانییەتەکانی دەرەوەی زەوی لە زانکۆی پەکین و روانگەی نیشتمانیی فەلەکناسیی ئەکادیمیای چین  و زانکۆی کالیفۆرنیا.

تا ئێستا هۆكاری سڕینەوەی راپۆرتەكە لە ماڵپەڕی گۆڤارەكە روون نەكراوەتەوە، هەرچەندە ئەو هەواڵە لە سۆشیال میدیای چینی بە شێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبووەوە، هەروەها لەلایەن میدیا فەرمییەكانی دیكەوە بڵاوكرایەوە.

لە مانگی ئەیلولی 2020 دا، تەلەسکۆپی سکای ئای (گەورەترین تەلەسکۆپ لە جیهاندا)  بە فەرمی ئەرکی گەڕان بەدوای بوونی ژیانی دەرەوەی زەویدا دەستپێکردووە. ژانگ ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکە لە ساڵی 2020 دا دوو کۆمەڵە سیگناڵی گوماناوییان وەرگرتووە لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو زانیاریانە کردووە کە لە ساڵی 2019 دا کۆکراونەتەوە، هەروەها لە ساڵی 2022 دا سیگناڵێکی دیکەی سەیریان لە داتای چاودێریکردن بۆ هەسارە دەرەکییەکان دەستنیشانکردووە.

ژانگ ئاماژە بەوەکردووە کە تەلسکۆبی سکای ئای لە مەودای ڕادیۆیی فرێکوێنسی نزمدا زۆر هەستیارە و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەڕان بەدوای شارستانییەتەکانی تری گەردوون، بەڵام ڕوونیشی كردەوە كە دەکرێت سیگناڵە گوماناوییەكانیش جۆرێك بن لە بەیەکداچوونی ڕادیۆیی، هەربۆیە پێویستیان بە وردبینیی و لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی