شارپرێس:
ڕۆژنامەنوسێكى ڕوسی كه هاوكات خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، مەدالیاكهى بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا دەفرۆشێت، دهشڵێت:"نەهێشتنی میدیای سەربەخۆ لەوڵاتەکەمدا بێزاریكردومو خەڵکێکی کەمیش پشتگیریی لەهەڵمەتی سەربازیی مۆسکۆ دەکەن".
دیمتری موراتۆڤ ڕۆژنامەنووسی ڕووسیو خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیو هاودامەزرێنەری ڕۆژنامەی نۆڤایا گازیتاى ڕوسى كه هاوكات ماوەیەکی زۆریشە سەرنوسەری ڕۆژنامەکەیە، واته ئهو ڕۆژنامهیهى ڕەخنەگرە لەکریملن کە خۆی لەساڵی 1993دا بەپارەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆکی پێشووی سۆڤیەت دامەزراوە.
موراتۆڤ لەچاوپێکەوتنێکدا بەئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتوه، "وڵاتەکەم وڵاتێکی دیکەی داگیرکردووەو ئەویش ئۆکرانیایە، ئێستا 15 ملیۆنو 500 هەزار پەنابەر هەن، ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بیرمان لەوەکردەوە کە دەتوانین چی بکەین بۆ ئەو دۆخە، پێمانوابوو کە پێویستە هەموو کەسێک شتێکی خۆشەویستی خۆی بدات بەوان، گرنگە بۆ ئەوان، منیش مهدالیاكهى خۆم دهفرۆشم بۆ هاوكاریكردنیان".
مەدالیاکەی موراتۆڤ لە 20ی مانگی 6دا لەڕۆژی جیهانی پەنابەران لەلایەن کۆمپانیای Heritage Auctions بەپاڵپشتی لیژنەی خەڵاتەکان دەفرۆشرێت.
ئەو خەڵاتەی بەموراتۆڤو ماریا ڕێسای ڕۆژنامەنووسە فلیپینەکە درا بەهۆی پشتیوانیکردنیانەوە بووە لەمافی ئازادی ڕادەربڕین کە لەسەرتاسەری جیهاندا لەمەترسیدایە.
موراتۆڤ خەڵاتەکەی تەرخانکرد بۆ شەش ڕۆژنامەنووسی نۆڤایا گازیتا کە بەهۆی کارەکانیانەوە کوژران، ڕەخنەگرێکی سەرسەختبوون کە لەنێویاندا ڕەخنەیان لەڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا گرتووە.
ش.هـ