لەسەر خراپی كوالێتی بەنزین وەزیری سامانەسروشتییەكان هاتەدەنگ

کوردستان

21/06/2022‌ 978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە دابینكردنی بەنزین بە نرخی 690 دینار و داوای لە لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچونی كوالێتی و مواسەفاتی بەنزینی کرد، سزای توندی هەر بەنزینخانەیەكدا بسەپێنن کە بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەت سەرپێچی دەکەن.

كەمال مەحمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاردراوە رۆژانە سێ تا سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین دابین بکرێت بە كوالێتی و مواسەفاتێكی باش.

وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت  جەختیكردەوە، بەردەوام دەبن لە دابینکردنی نرخی پاڵپشتی بۆ بەنزینی 690 دیناری بۆ شۆفێران پاس و تاکسی.

وتیشی: لە ماوەی چوار ڕۆژی رابردودا نۆ ملیۆن لیتر بەنزینی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکانی کوردستاندا دابەشکراوە و ڕۆڵی لەكۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین هەبووە.

بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خراپی کوالێتی بەنزینیش، وەزیری سامانە سروشتیەکان داوای لە لیژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچونی كوالێتی و مواسەفاتی بەنزینی کرد، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو دەستنیشان و سزای توندی هەر بەنزینخانەیەکیش بدەن، کەبەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەت سەرپێچی دەکەن.

س.س