شارپرێس:
ئاژانسێكى فهرهنسى ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "دۆزەخی عێراقییەکان دەستیپێکرد" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردووە، ئەمساڵ شەپۆلی توندی گەرما زۆر زوو دەستیپێکردووەو پێشبینی نەکراو بووە، دهشڵێت:"ئەم گەرما تاقەت پڕوکێنە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر زیاتر ناڕەحەتکردنی ژیانی عێراقییەکان، بەتایبەت لەپارێزگاکانی ناوەڕاستو باشووری عێراق کە بەدەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنن".
ئاژانسی "فڕانس پرێس"ی فەرەنسیی ئاماژهى بهوهداوه، پلەکانی گەرما لەشارێکی وەک بەسرە لەسەروو 50 پلەوەیەو دانیشتووانەکەشی ناتوانن فێنککەرەوە بەدەستبهێننو خەرجییەکانی کارەبای مۆلیدە بدەن کە مانگانە دەگاتە 110 دۆلاری ئەمریکی، ئەوەش لەکاتێکدایە مانەوە لەژێر ئەو گەرما تاقەت پڕوکێنەدا زۆر قورسە، بەتایبەت بۆ کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان.
هەروەک وتویەتی:"دانیشتووانی بەسرە زۆر جەخت لەوەدەکەنەوە، دەبێت دەسەڵاتداران لەخەمی دابینکردنی وزەی کارەبادابن، ڕەخنەی ئەوەشیان گرتووە کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا لەدوای ساڵی 2003 لەچارەسەرکردنی ئەو گرفتەدا شکستیانهێناوە، بۆئەوەش ڕەخنەی گەورە ڕووبەڕووی سیاسییەکانو ئەو گەندەڵییە دەبێتەوە کە لەو وڵاتەدا بڵاوبۆتەوە".
فرانس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، تورەییو بێزاریی لەنەبوونی کارەبا هۆکاری سەرەکیی زیاتر توندبوونی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ساڵی 2019 تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2020 بووە، کە لەبەغداو پارێزگاکانی باشووری عێراق دەستیپێکردو بووە هۆی ڕووخانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی.