شارپرێس بریاری پارتی لەبارەى کۆبوونەوەى سبەینێی پەرلەمانى عێراق ئاشکرا دەکات

کوردستان

22/06/2022‌ 3306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی لەبارەى کۆبوونەوەى سبەینێی پەرلەمانى عێراق بریاری خۆیداو بریارە بەشدارى ئەو کۆبوونەوەیە بکات کە تایبەتە بە دەنگدان بە کاندیدەکانى جێگرتنەوەى پەرلەمانتارەکانى سەدر.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، سبەینێ پێنج شەممە فراکسیۆنی پارتی بەشداریی لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دانانی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی ڕەوتی سەدر دەکات.

سەرچاوەکەی شارپرێس وتیشى، تا ئەم ساتە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەنێو شیعەکاندا کێشەیە و ئێمە تا یەکلابونەوەی کێشەکەیان و ئەو لایەنەی پۆستەکە وەردەگرێت، تەنیا بەشداریی لە دانیشتنی دیاریکردنی پەرلەمانتارەکان دەکەین.

ئێوارەى ئەمڕۆش خەمیس خەنجەر سەرکردە لە هاوپەیمانیەنی سیادەى سونەکان راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا رایگەیاندوە، کە بەشدارى کۆبوونەوەى نائاسایی سبەینێی پەرلەمانى عێراق دەکەن کە تایبەت دەنگدان بە کاندیدە جێگرەوەی پەرلەمانتارەکانى رەوتى سەدر کە ٧٣ پەرلەمانتار بوو.

هاوپەیمانى سیادە بە سەرۆکایەتى محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر هاوپەیمانی لەگەڵ رەوتى سەدرو پارتى دیموکراتى کوردستان پێکهێنا، بەڵام دواتر سەدر لە پرۆسەى سیاسی کشایەوەو ئێستا لەگەڵ پارتى ماونەتەوە، بەڵام تائێستا رایانگەیاندوە کە بەردەوام دەبن لە هاوپەیمانییەتیەکەیان یان نا.

بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە پەرلەمانى عێراق بۆ متمانە دان بە ٧٣ کاندید بۆ شوێنگرتنەوەى ٧٣ پەرلەمانتارەکەى رەوتی سەدر کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجام بدات.