مەسرور بارزانى: داهاتی حکومەت باشتر بووەو لەخزمەتى هاوڵاتیان بەکاریدەهێنینەوە

کوردستان

23/06/2022‌ 925 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئاشکرای دەکات، لە 200 ملیۆن دۆلارەوە بووەتە 70 ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتی.

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەمیانى سەردانی بۆ وەزارەتى دارایی و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرو ستافی وەزارەکە رایگەیاند" هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی".

ئاماژەى بەوەشکردوە، بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیویانە سەربکەون و ئیدارەی خۆیان بدەن، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەن بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەن.

بارزانى ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کردوەو رایگەیاندوە، لە 200 ملیۆن دۆلارەوە بووەتە 70 ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.

هەروەها سەرۆکى حکومەت وتیشى، داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتر بووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات.

مەسرور بارزانى دەشڵێت" کابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە، بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون، جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت .

هەروەها سەرۆکى حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکومەت کرد کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕووتین و ڕێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.