سەرچاوەى داهاتەکەی کوێیە؟ شارپرێس لەبارەى داهات و خەرجییەکەیەوە وەڵامى مەسرور بارزانى دەداتەوە

کوردستان

23/06/2022‌ 3298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە دەستپێشخەریەکی نوێدا و بۆ یەکەم جار دەزگای میدیایی شارپرێس کۆی ئەو سەرچاوانەی داهات ئاشکرا دەکات کە مانگانە دەبنە داهات و دەزگاکەیان پێ بەرإوەدەبرێتو لەگەڵ کۆی موچەو خەرجی کارمەندانی دەزگاکەو وردەکاری چۆنێتی خەرجکردنی دارایی دەزگاکە.

لەدوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسی میدیاو دەزگاکانی راگەیاندن ئاماژەی بەوەکرد کە لیژنەیەک لە حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕادەسپێرێت بۆ پێداچونەوە بە داهات و سەرچاوەی دارایی ئەو میدیایانەدا کە هی حزب و بەرپرسی حزبەکان و کۆمپانیاکان نین و، مەبەستیانە سەرچاوەی داهاتەکانیان بزانن، شارپرێس وەک دەستپێشخەریەک و هەوڵێک بۆ برەودان بە شەفافیەتی دارایی لەم ڕاپۆرتەدا کۆی داهات و خەرجیەکانی و سەرچاوەکانی دارایی خۆی ئاشکرا دەکات و ئامادەیی تەواویشی هەیە بۆ هەرکاتێک هەر لیژنەیەکی تایبەتمەند سەردانی بکات بۆ هەر جۆرە پێداچونەوەیەک، هەروەک پێشتریش دەرگای دەزگاکە کراوەبوە بۆ چاودێریی دارایی و لە نێو خودی دەزگاکەشدا لیژنەیەک ئاگاداریی سەرجەم جوڵە داراییەکانی دەزگاکەن.

شارپرێس وەک دەزگایەکی میدیایی ئەهلی ئازاد و دور لە حزب و کەسایەتیە سیاسیەکان ماوەی زیاتر لە ١٣ ساڵە کاری میدیایی خۆی بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجامدەدات و بەردەوام لەرێگەی سپۆنسەر و و بڵاوکردنەوەی ڕیکلام و بانەری بازرگانییەوە سەرچاوەی داهاتی خۆی و موچەو خەرجی ڕۆژنامەنوس و کارمەندەکانی پەیدا کردوە.

لەو ماوەیەدا شارپرێس چەند جارێک دووچاری هەوراز و نشێوی بواری دارایی بوەتەوەو زۆرکات دارایی دەزگاکە هێندە خراپ بوە کە دور نەبوە بیر لە راگرتنی کارەکانی دەزگاکە بکرێتەوە،بەلام بە هەوڵ و لە خۆبوردویی بەڕێوەبەران و ستافی دەزگاکە دۆخەکان تێپەریون تا توانراوە سەرچاوەیەکی داهات لەڕێگەی ڕیکلام و سپۆنسەرەوە دروست بکرێت و ئاڵەنگاریەکان تێپەرێنرێن .

هەروەک زۆر کاتیش لە ململانێ حزبی و کەسیەکاندا فشاری زۆر لە سپۆۆنسەر و خاوەن ڕیکلامەکانمان کراوە بۆ بڕین و کەمکردنەوەی ئەو بڕەی کە وەک سپۆنسەر دەیدەنە دەزگاکە.

شارپرێس هەروەک هیچ کات نەیشاردۆتەوە و لەسەر ڕوپەری ماڵپەر و پەرەی تۆڕە کۆمەلایەتیەکانی بە ئاشکرا ناو و لۆگۆی ئەو شوێن و کەسایەتی و کۆمپانیایانەی بڵاوکردۆتەوە کە سپۆنسەر و پاڵپشتی دارایی دەزگاکە دەکەن و لەڕێگەی ڕیکلامەوە داهاتی دەزگاکە پێکدەهێنن، ئێستاش بە ڕون و ئاشکرا رایدەگەیەنێت کە ڕیکلام و سپۆنسەری ئەو کۆمپانیاو دەزگاو کەسایەتیانەی لەبەرچاون سەرچاوەی داهاتی دەزگاکەیەو جگە لەو داهاتە شارپرێس هیچ داهاتێکی تری نییە.

کۆمپانیای قەیوان و ئاسیاسێڵ و کۆمپانیای چاڤیلاند و پرۆژەی کۆساری گەشتیاری و ماڵپەری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و کۆمپانیای ئاریا و پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، هەموو ئەو شوێنانەن کە شارپرێس گرێبەستی لەگەڵیان هەیەو بەپێی ڕێکەوتنێک سپۆنسەری کارەکانی شارپرێس دەکەن لەبەرامبەر ریکلامی بارزگانیدا.

هەروەک بەشێک لە بەرنامەو پرۆگرامەکانی شارپرێس بە سپۆنسەری سەرمایەدارانی دیاری کوردستان بەرێوەدەبرێن و بێ هیچ دودڵییەکیش ناویان لەسەر شاشەکان بلاو دەکرێتەوە.ئەمە جگە لە هاوکاریی بەشێک لە دۆستانی شارپرێس کە نایانەوێت ناویان بهێنرێت و وەک پشتیوانیەک لە دەنگی ئازاد و میدیای ئەهلی ناوبەناو پشتیوانی دەزگاکە دەکەن.

هاوشان لەگەڵ ئەو سپۆنسەرە جێگیرانەی شارپرێس هەیەتی لە قۆناغە جیاوازکاندا دەزگاکە تواننیویەتی ببێتە جیێ متمانەو سەرنجی هێزە سیاسیەکان و کۆمپانیاکان و ریکلامی خۆیان بدەنە دەزگاکەبۆ بلاوکردنەوەی.

 بەنمونە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام شارپرێس دەرگایەکی کراوە بوە بۆ بلاوکردنەوەی ریکلامی کاندید و هێزە سیاسیەکان بەبێ جیاوازی و لە کۆتا هەڵبژاردنیشدا سەرجەم هێزە سیاسیەکان و بەشێک لە کاندیداکانیان لە ڕێگەی شارپرێسەوە بەشێوەی ریکلام و بەرنامە پەیام و بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان دەگەیاند و ئەوەش بوە سەرچاوەیەکی باشی دارایی بۆ دەزگاکە وێرای ئەوەی سەرجەم ئاراستەو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانی تێدا جێبۆوە.

 یەکێکی تر لە سەرچاوەکانی داهاتی دەزگاکەمان لە رابردودا داهاتی بەرهەمە میدیایەکانمان بووە لە تۆرە کۆمەلایەتیەکانی فەیسبوک و یوتوب، کە بەداخەوە لە ئێستادا بە هۆی ریپۆرت و فشاری لەشکرە ئەلکترۆنیەکانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە ئەو داهاتە دابەزیوە بۆ چەند دۆلارێکی مانگانە.

سەبارەت بە خەرجیەکانی دەزگاکەش شارپرێس ئەوە ئاشکرا دەکات بە ژمارەیەکی کەمی کادرو رۆژنامەنوس و بە موچەیەکی تارادەیەکی زۆر کەمەوە توانیویەتی ببێتە یەکێک لە میدیا کاریگەر و خاوەن وەرگرەکانی کوردستان و زۆربەی کات هەواڵ و راپۆرتەکانی کاردانەوە بەدوای خۆیاندا بهێنن.

شارپرێس لە ئیستادا بە هەردوو بەشی ماڵپەر و وێبتیڤیی و ستافی ئیدارییەوە خاوەنی تەنها ١٥ رۆژنامەنوس و کادرە کە پێنج لەو کەرماندانە بەشێوەی نیو دەوام و نیوموچە کاردەکەن.

بەشێکی زۆری کارمەندانی شارپرێس هاوشانی دەوامی ڕۆژانەیان لە دەزگاکە، خاوەنی دەوام و ئەرکی ترن بۆ ئەوەی بتوانن سەرچاوەی بژێوی ژیانیان دابینبکەن.

شارپرێس لەبری ئەوەی وەک دەزگاکانی حزب و کەسایەتیەکانی نێو حزب خاوەنی کارمەندی بندیوار بێت و تەنها لە کاتی وەرگرتنی موچەدا بەدەر بکەوێت، بە پێچەوانەوە خاوەنی ستافێکی باشی چەند کەسیی خۆبەخشە کە لە شارە جیاوازەکان وەک پەیامنێر و وەرگێر و هەواڵساز کاری بۆ دەکەن و هیچ داهاتێکیان لە شارپرێسەوە دەستناکەوێت، ئەوەی وایلیکردوون ئەو کارە بکەن پیشەییبونی دەزگاکەیە لەگەڵ خۆشەویستی بۆ کارەکەیان.

لیستی موچەی شارپرێس بە جۆرێکە کە موچەی کارمەندەکانی لە ٢٥٠ هەزار دینارەوە دەستپیدەکات تا ٨٥٠ هەزاردینار، لە کاتێکدا لە دەزگا حزبی و کەسایەتی سیاسیەکانی نێو حزب بە هەزاران دۆلار دەدەنە پەیامنێر و بێژەر و هەواڵسازی دەزگاکانیان تەنها بۆ شەری سیاسی و هیچ شتێکیش سەرباری پیشەیی بونەکەیان ناکەن.

تێچوی ئەو ئۆفیسەی دەزگای شارپرێسی تێدایە بە کۆی کرێی مانگانەو خزمەتگوزاریەکەیەوە تەنها ٥٥٠ هەزاردینارەو لەشوێنێکی زۆر ئاسایی شاری سلێمانیدایە، لە کاتێکدا دەزگاکانی تری حزب و سێبەری حزبەکان لە شوێنە زۆر ڕاقییەکان باڵەخانەی بارزگانی و گرانبەهاکانیان بۆ کڕدراوە یان بە کرێ گیراوە بە هەزاران دۆلار.

دەزگای شارپرێس بۆ هاتوچۆی تیمەکانی بۆ کاری میدیایی یان ئۆتۆمبێلی شەخسی کارمەندەکانی بەکاردەهێنێت یان لەرێگەی تاکسی ناوشارەکانەوە کارەکانی رایی دەکات و هیچ ئۆتۆمبیلێکی تایبەتی نییە بەناوی دەزگاوەو بۆ کاروباری رۆژانە بەکاری بهێنیت، پێچەوانەی دەزگاکانی تر کە بەشێکیان چەند ئۆتۆمبیلێکیان بۆ دابینکراوە.

سەبارەت بە خەرجی مانگانەی دەزگاکەمان ئەوە رادەگەیەنین کە بە پێی ئەو خشتەیەی ئێستا لە بەرچاوی وەگرانمانە کۆی خەرجی و موچەی دەزگاکەمان خۆی دەبینێتەوە لە کەمتر لە ١١ ملیۆن دیناری مانگانەدا بە تەواوی خەرجی و موچەو بەخشیش و هەر خەرجیەکی ترەوە کە دەزگا هەیبێت، کە ئەمەش کەمتر لە ٧٠٠٠ حەوت هەزار دۆلاری مانگانە دەکات، کە بۆ هەر دەزگایەک ئاسانە لەڕێگەی ڕیکلام و سپۆنسەرەوە ئەو برە پارەیە دەستبخات بۆ ژیاندنی دەزگاکەو دابینکرنی موچەی کارمەندەکانی، لە کاتێکدا میدیای زۆر بچوکی دووحزبی دەسەڵات چەندهێندەی ئەو بڕە پارەیە تەنها لە موچەی کارمەندەکانیاندا خەرجدەکەن.

ئەو بڕە پارەیەش هێندە نییە کە دەزگایەک ناچار بکات لە پێناو بەدەستهێنانیدا هەڵویستی سیاسی و میدیایی و پیشەیی بونی خۆی دووچاری نیشانەی پرسیار بکاتەوە.

سارپرێس دووبارە ئامادەیی خۆی نیشان دەدات و دەرگای کراوەیە بۆ هەر لیژنەیەکی چاودێریی دارایی ئامادەیە هەموو داتاو ئامارەکانی داهات و خەرجیەکانی بخاتە بەردەست.