عێراقی نوێ لەنێوان موقتەدا سەدرو بافڵ تاڵەبانیدا

ڕاپۆرت

03/07/2022‌ 4970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرباری کشانەوەی سەدر لەپڕۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام دەیەوێت وەک سێبەرێک بەسەر پڕۆسەی سیاسیەوە بوونی هەبێت، بەتایبەت لەهەفتەی ڕابردوودا کاتێک ڕایگەیاند، سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەریاسای بەتاوانناساندنی پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ ئیسرائیل نەکردوە، کە هەر زوو سەرۆکایەتی کۆمار بەبەڵگە وەڵامی ئەو قسانەی سەدری دایەوە، ڕەنگە ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ سەلماندنی ئەو سێبەرەی کەتەمەننا دەکات هەیبێت بەسەر داهاتوی وڵاتەوە.


جوڵەکانی ئەمدواییەی سەدر بەڕای چاودێرانی سیاسی، هەوڵێکە بۆ شێواندنی پەیوەندییەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان... بەتایبەت کە شیعەکان ئەگەر لەسەر هیچ شتێک لەئێستادا کۆکنەبن، لەسەرئەوە کۆکن دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل وەک تاوان تەماشا بکرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی لەندەنی، موقتەدا سەدر لەهێرشی ئەمجارەیدا دژی بەرهەم ساڵح، کارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی تێکداو درزی خستە پەیوەندی نێوان خۆی‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دکتۆر بەرهەم ساڵحی کردووەتە کاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق... بەوەش بۆ ماوەیەکی زۆر نێوانی سەدرو یەکێتی ڕوو لەگرژیی دەکات.

لێدوانەکانی سەدر قەیرانی سیاسی عێراق قوڵتر دەکەنەوە، بەتایبەت کە لەدوای هەشت مانگ تێپەڕبوون بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن هێشتا عێراق نەیتوانیوە حکومەتی نوێ پێکبهێنێت.

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق، بەگوێرەی ڕێککەوتنێک یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتووەو پارتیش پۆستی سەرۆکی هەرێم، بەڵام ئێستا پارتی پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق.

یەکێتی جیاواز لەپارتی هەفتانە چەندین کاتژمێر دیدارو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەغدا هەیە، بەڵام هەم ئامادەبوونی شاندەکانی یەکێتی‌و هەم شوێنی کۆبوونەوەکانیش جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە.

لەسەرجەم کۆبوونەوەکاندا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکایەتی شاندی حزبەکەی دەکات، کۆبوونەوەکانیش لەماڵی مام جەلال لەبەغدا ئەنجامدەدرێن، کە بەڕای چاودێران، یەکێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەو جوڵەیەوە هاوتایەکی نوێ بەرامبەر بارەگای بارزانی دروستبکات‌و ماڵی مام جەلال لەسیمبولێکی یەکێتییەوە بکاتە بارەگای تاڵەبانی‌و ئیدی بڕیارە گرنگەکانی حزبەکە لەوێوە دەربچن، هەروەک چۆن لەماوەی ڕابردودا هەرکات بافڵ تاڵەبانی بەنیازی جوڵەیەکی نوێ بوبێت، خێرا خۆی گەیاندۆتە بەغداو لەماڵی مام جەلالەوە لەگەڵ لایەنەکان کۆبوەتەوەو دواین هەڵوێستی حزبەکەی ڕاگەیاندوە.

لەدواین کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی گرژییەک باڵی بەسەر کۆبوونەوەکاندا کێشاوە، چونکە بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، بەشێک لەبەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایان وابوە، یەکێتی لەگەڵ هێزەکانی تری کوردیی قسە بکات‌و بگەنەڕێککەوتن لەبارەی حکومەتی داهاتوی عێراق‌و بەتایبەت پۆستی سەرۆک کۆماره‌وه‌، بەجۆرێک کە دەکرێت ڕێکبکەون لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ئەگەر هەر خودی بەرهەم ساڵحیش بێت، ئەوا بەڕێکەوتن بێت.

لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی نیشانداوەو ڕایگەیاندوە، ناکرێت بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمە بۆچونیان بێت‌و ناکرێت ئەمە وەک ڕای فەرمی چوارچێوە لێکبدرێتەوە... تەنانەت بافڵ تاڵەبانی وتویەتی سەرکەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی تائێستا کە دەیەوێت حکومەت پێکبهێنێت، بەهۆی مانەوەی یەکێتیەوە بووە لەپاڵ چوارچێوەکەدا.

لەبەرامبەردا بەرپرسانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکبوون لەگەڵ نیگەرانیەکانی تاڵەبانیداو بڕیاریانداوە جارێکی تر بەڵێنبدەنەوە بەبافڵ تاڵەبانی بۆ پشتیوانی هەنگاوەکانی حزبەکە، کە ئەمەش بەیەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی تاڵەبانی لێکدەدرێتەوە لەتوانای ململانێ سیاسیەکانداو وەستانەوە بەرامبەر هەر ڕایەک کە دژی بەرژەوەندیەکانی حزبەکەی بێت.

بافڵ تاڵەبانی ئەگەرچی لەیەک ساڵی ڕابردودا بەسیاسیەکی کەم ئەزمون‌و کەم باگراوەندی سیاسی‌و کەسێکی هەڵەشە ناسراوە، بەڵام ئێستا بەشێک لەچاودێرانی کوردستان‌و عێراق پێیانوایە، جیاواز لەناوخۆی حزبەکەی‌و هەرێمی کوردستان، توانیویەتی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقیشدا یاریزانێکی باش بێت‌و تاڕادیەکی زۆر بەژمارەیەکی کەمی کورسییەوە هەیمەنەی خۆی بەسەر هێزە عێراقیەکاندا بسەپێنێت، بەجۆرێک کە ئێستا ئەو کۆکەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگییەو هەر جوڵەیەکی، دەتوانێت ببێتە مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی وڵات‌و تێکچونی چوارچێوەکە.

کێشەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەتەنها پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نییە، بەڵکو هەریەکە لەنوری مالکی‌و هادی عامری لەململانێدان لەسەر شێوازی پێکهێنانی ئەو حکومەتە نوێیەی بڕیارە پێکبهێندرێت.

نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەیەوێت خۆی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو بکات، بەڵام هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ڕایەکی جیاوازی هەیەو پێیوایە، نابێت موقتەدا سەدر ئیستیفزاز بکرێت، چونکە سەدر لەتوانایدایە هەر حکومەتێک بەدڵی ئەونەبێت، کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بکات.

تەنانەت لەدوا کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک کاردانەوەیەک دژی پێداگریی مالکی، عامری‌و حەیدەر عەبادی‌و عەمار حەکیم ئامادەی کۆبوونەوەکەی ماڵی مام جەلال نەبوون.

لەبەرامبەردا نوری مالکی دەستی بەجوڵەیەکی نوێی سیاسی کردووەو دەیەوێت گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو حکومەتە وەربگرێت کە دەیەوێت خۆی سەرۆکایەتی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ باڵیۆزەکانی بەریتانیاو تورکیا لەعێراق کۆبووەوە.

هێزە سیاسییە شیعەکان درک بەمەترسی مانەوەی سەدر دەکەن لەدەرەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت، بۆیە ناچارن بەهەندێک لەمەرجەکانی ڕازیبن تا وای لێبکەن بڕوای بەو حکومەتە هەبێت کە پێکدەهێنرێت‌و ئەگەر بڕیاریدابێت بەشێک نەبێت لەپرۆسەی سیاسی‌و دۆستی حکومەتەکەش نەبێت، نەهێڵن ببێتە دوژمنی ڕاستەوخۆی حکومەتی نوێی عێراق کە ئەویش بەجێبەجێکردنی بەشێک لەمەرجەکانی دەبێت‌و قبوڵکردنی ئەو سێبەرەی کە سەدر مەبەستیەتی هەیبێت بەسەر داهاتوی وڵاتەوە.