شارپرێس:
ڕۆژنامەیهكى ڕوسى بابەتێکی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆک)و دەسەڵاتی یاسادانان (ئەنجومەنی نوێنەران)ی ئەمریکا سەبارەت بەشێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا بڵاوکردۆتەوەو دهڵێت:"دەسەڵاتی یاسادانان ئامادەنییە بێ مەرج ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری F-16 بەتورکیا دەرببڕێت".
لەبابەتەکەی ڕۆژنامەى "نیزیڤیسیمایا گازێتا"ی ڕوسیدا هاتووە، ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکا چەند مەرجێکیان داناوە بۆئەوەی یارمەتیی سەربازیی پێشکەش بەتورکیا بکرێتو هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتەی لەڕێگای فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری F-16وە نوێبکرێتەوە، کە ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگە بەلای ئەنکەرەوە.
ئەوەش باسكراوه، "پڕۆژەی فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بەهۆی توڕەیی دەستەبژێری سیاسیی ئەمریکا لەداواکارییەکانی ئەردۆغان لەبەرامبەر ڕازییبوونی بەفراوانبوونی ناتۆو سیاسەتە دەرەکییەکانی تورکیا خەریکبوو شکستبهێنێت، ئەمریکییەکان دەیانەوێت تورکیا دەستبەرداری پێشێلکردنی بواری ئاسمانیی یۆنان ببێت، بەڵام ترسی ئەوەشیان هەیە کە ئەگەربێتو ئەوەندە گوشار لەئەنکەرە بکەن، پەیوەندییە دوولایەنەکانیان لاوازبێتو تورکیا ڕوو لەلایەکی تر بکات".
لهو ڕوهشهوه یوانیس ئیوانۆ توێژەی سیاسییو دامەزرێنەری بەشدار لەپڕۆژەی Geopolitical Cyprus بەڕۆژنامەكهى وتووە، "کڕۆکی ناکۆکییەکانی ئێستا پەیوەستە بەوەوە کە واشنتۆن بڕگەکانی یاسای "کاستا"ی بەسەر ئەنکەرەدا جێبەجێکردووە، لەکاتێکدا لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانانو دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەمریکا ناکۆکی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوە هەیە".
دهشڵێت:"بایدن دوای كۆبونهوهی لوتكهی ناتۆ لهمهدرید بهڕوونی ڕایگهیاند، ئامادهیه بۆ گهڕانهوه بۆ دۆسیهی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف16 بەتورکیا، بەڵام ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەڕێگەی گروپی لۆبیو سیناتۆر مێنێندزەوە ڕێگری لەمکارە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی پرسەکە تەنها پەیوەستە بەپەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا، نەوەک لەبارەی یۆنانو پێشێلکارییەکانی هێزی ئاسمانی تورکیا لەدەریای ئیجەدا.
بەوتەی یوانۆ، بابەتی کڕینی فڕۆکەی F-16 بەلای هێزی ئاسمانیی تورکیاوە گرنگە، لەبەرئەوەی ئەگەربێتو ئەو فڕۆکەیە بەدەستنەهێنێت، ئەوە لەئایندەیەکی نزیکدا توانای هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتەو فڕۆکە کۆنەکانی جۆری F16 زۆر لاوازدەبێت، ئەم ململانێی دەسەڵاتەش کە لەنێوان ئەنجومەنی پیرانو سەرۆکی ئەمریکادا هەیە، لەڕووی دەستوورییەوە سەرۆک پێویستی بەبەدەربازبوون لەئەنجومەنی پیران هەیە، هەربۆیە کەس ناتوانێت پێشبینی ئەنجامەکەی بکات.