شارپرێس:
سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکرد، هەوڵێک هەیە بۆئەوەی کۆبونەوەیەک لەنێوان موقتەدا سەدرو نوری مالیکی ڕێکبخرێت، دهشڵێت:"بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییان بەنوسینگەی ڕێبەری ڕەوتی سەدرەوە کردووە".
محەمەد سەهیود پەڕلەمانتارو سەرکردەی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکدا بە"شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندوه، سەرۆک هۆزو کەسایەتییە عێراقییەکان دەستپێشخەرییەکیان بەئامانجی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆییو هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێو پەلەکردن لەپێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕاگەیاندووە.
دهشڵێت:"ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو ژمارەیەک لەسەرۆک هۆزەکان چاویان بەنوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کەوتووەو دەستپێشخەرییەکیان خستۆتە بەردەم ناوبراو".
ئاماژهى بهوهشكردووه، مالیکی پێشوازیی لەدەستپێشخەرییەکە کردووەو دەستی ئاشتەوایی درێژکردووە.
ڕونیشیکردۆتەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە پەیوەندییان بەنوسینگەی موقتەدا سەدرەوە کردووە بەمەبەستی سازکردنی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکی ڕەوتی سەدرو گواستنەوەی خاڵەکانی دەستپێشخەرییەکە بەئامانجی ئاشتەواییو کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ.
لەبەرامبەر ئەو دەستپیشخەریەدا، ساڵح محەمەد عێراقیی ناسراو بەوەزیری سەدر لەتویتێکدا وتویەتی:"ئەوانەی دەیانەوێت ئاشتەوایی لەگەڵ خاوەنی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەدا بکرێت، ئایا دەتانەوێت لەگەڵ بەکرێگیراوو بکوژی میللەتدا ئاشت ببینەوە؟، یان دەتانەوێت ڕێبەرەکەمان لەگەڵ ئەوکەسەدا ئاشت ببێتەوە کە جنێو بەگەل دەداتو پەلاماری هێزە ئەمنییەکانو حەشدی شەعبی دەدات؟".
چاودێرانى سیاسیی پێیانوایه، ئەو پهیامهى وهزیرهكهى سهدر وەک ئاماژەیەکه بەوەی، موقتەدا سەدر ئامادەنییە پێشوازیی لەو دەستپێشخەرییە بکاتو چاوی بەنوری مالیکی بکەوێت.