نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 200 دۆلار

جیهان

01/08/2022‌ 1009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی پێشبینى به‌رزبونه‌وه‌یه‌كى به‌رچاوى نرخی نه‌وت ده‌كات‌و ئاشكرایده‌كات، "بەرمیلێک نەوت دەگاتە 200 دۆلار".


ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی له‌ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردوه‌، پێدەچێت ئەو سزا نوێیانەی یەکێتیی ئەوروپاو بەریتانیا لەسەری ڕێککەوتوون بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەسەر ڕوسیایدا بیسەپێنن، ببێتە هۆی زیاتر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لەبازارە جیهانییەکاندا.

ڕۆژنامەکە نوسیویەتی:"ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی زۆر پشتیان بەسەپاندنی سزای ئابوریی بەسەر ڕوسیادا بەستووە بەهۆی ئەو لەشکرکێشیەی بۆ سەر ئۆکرانیا کردوویەتی، بەڵام یەکێک لەڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەو ستراتیژە سنوردارکردنی هەناردەی نەوتی ڕوسیایەو پێدەچێت ببێتە هۆی دروستکردنی ناڕەحەتیی‌و زیانگەیاندن بەخەڵکی ئاسایی وڵاتانی دیکە".

ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، "بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا زیانێکی زۆریان بەئابووریی خۆیان گەیاندووە بەبێئەوەی بتوانن داهاتی فرۆشتنی نەوتی ڕوسیا کەمبکەنەوە".

لەڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، لەگەڵ ئەوەی لەدوای سەپاندنی سزاکانی ڕۆژئاوا، ڕوسیا نەوتێکی کەمتری هەناردەکردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە داهاتێکی زیاتری دەستکەوتووە، وەک ئەوەی لەمانگی پێنجی ساڵی 2021 ڕوسیا ڕۆژانە 633 ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، بەڵام لەهەمان مانگی ئەمساڵداو لەدوای سەپاندنی گەمارۆکان بەسەریدا، داهاتی فرۆشتنی نەوتی ڕۆژانەی ڕوسیا بۆ 883 ملیۆن دۆلار بەرزبۆتەوە.

هۆشداریی ئەوەشیداوە، پێدەچێت دۆخەکە ئاڕاستەیەكی تر وەربگرێت، بەتایبەت ڕەنگە ئەو سزا نوێیانەی یەکێتیی ئەوروپاو بەریتانیا لەسەری ڕێککەوتوون بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەسەر ڕوسیایدا بسەپێنن، ببێتە هۆی زیاتر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەکاندا لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەشێک لەشرۆڤەکاران ڕایانگەیاندووە، مەزەندە دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بگاتە 200 دۆلار، ئەمەش بەشێوەیەکی ڕوون دیارە کە کاریگەریی دەبێت لەسەر پاشەکشەکردنی ئابووریی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان.

بەپەلە