شارپرێس ـ تایبهت:
پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمی 2026 لەنێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە، بەڵام بهگوێرهى زانیارییهكانى شارپرێس، نزیکەی ههشت هەزار شەڕڤان هێشتا لەدەرەوەی دامەزراوە سەربازییو ئەمنییەکاندا ماونهتهوه، سەرەڕای تێپەڕبونی پێنج مانگ بەسەر دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی ئەو ئاڵۆزییانەیە کە بەستراونەتەوە بەپرسى تێکەڵکردنەوەو داهاتوی هەزاران ئەندام کە هێشتا دۆخیان یەکلانەکراوەتەوە.
هەزاران ئەندام لەدەرەوەی ڕێککەوتنەکەدان
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى شارپرێس لهڕۆژئاواى كوردستانهوه دهستیكهوتوه، ژمارەی ئەو ئەندامانەی ههسهده کە دوای پێشهاتەکانی ئەمدواییە لەڕیزەکانی هێزەکاندا ماونەتەوە نزیکەی 20 هەزار شەڕڤانە، چوار هەزاریان چونەتە ڕیزەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو دامەزراوە ئەمنییەکان، لەکاتێکدا پێنج هەزار کەسیان پەیوەندییان بەو سێ فەوجەوە کردوە کە لەچوارچێوەی فیرقەی 60ی سەر بەسوپای سوریادا پێکهێنراون.
هەروەها نزیکەی هەزار گەنجیش لەڕۆڵەکانی عەفرین لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ شارەکەیان، لەکاتێکدا دوو هەزار گەنجی دیکە چاوەڕێی تەواوبونی ڕێوشوێنەکانی گەڕانەوە دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندیی بەپێکهاتەیەکی سەربازییەوە بکەن کە لەوێ ئامادەکاریی بۆ دەکرێت.
ههر لهو زانیاریانهى دهست شارپرێس كهوتون، ژمارەی زۆری ئەندامانی هەسەدە بەبەراورد بەو ژمارهیهى کە لەناو پێکهاتە سەربازییە ڕێککەوتوەکاندا بەردەستن، هێشتا ڕێگرە سەرەکییەکەیە لەبەردەم تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەکە، وتوێژەکانیش بۆ دۆزینەوەی ئەو شێوازانەی کە ئەندامە ماوەکان لەخۆدەگرن بەردەوامن.
دژایەتی لەنێوان پێشکەوتنی ڕاگەیەندراوو واقیعدا
ئەم ژمارانە لەکاتێکدادێن کە حکومەتی سوریا لەماوەی هەفتەکانی ڕابردوداك بەدەستهێنانی پێشکەوتنی لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا ڕاگەیاندبوو، لەوانەش ئازادکردنی زیاتر لە1200 دەستبەسەر لەشەڕڤانانی هەسەدەو دەستپێکردنی ڕێوشوێنەکانی تێکەڵکردنی زیاتر لەنۆ ههزار ئەندامی ئاسایش کە نزیکەی هەزار ژنیان لەناودایە لەچوارچێوەی دامەزراوەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ.
هەروەها بەرپرسانی حکومی باسیان لەڕادەستکردنی ژمارەیەک دامەزراوە، دەروازەو بنکەی گرنگ بەدەوڵەت کردوە، لەگەڵ دەستپێکردنی بڵاوبونەوەی هێزەکانی ئاسایشی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ لەحەسەکەو قامیشلۆ وەک جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، بەڵام سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، هێشتا مەلەفە سەرەکییەکان بەهەڵواسراوی ماونەتەوە، لەوانەش چارەنوسی هەزاران شەڕڤان کە ناویان لەپێکهاتەکانی ئێستادا نییەو میکانیزمەکانی تێکەڵکردنی تەواوەتی هێزە سەربازییو ئەمنییەکان، جگە لەبەردەوامیی جیاوازییەکان لەتەفسیرکردنی هەندێک لەبەندەکانی ڕێککەوتنەکە لەنێوان دیمەشقو هەسەدە.
ههر لهو زانیاریانهى دهستكهوتون، ئاماژە بەوەدەکەن، سەرکەوتنی ڕێكهوتنهكه بەستراوەتەوە بەچارەسەرکردنی کێشەکانی تێکەڵکردنی سەربازییو بەڕێوەبردنی دامەزراوەو سەرچاوەکان، کە ئەمانەش مەلەفگەلێکن تائێستا بەیەکجاری یەکلانەکراونەتەوە.
خێزانی شههیدو بریندارەکان
لەمەلەفی شههیدو بریندارەکاندا، زانیارییهكانى شارپرێس ئاماژه بهوهدهكهن، هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی هەسەدەو وەزارەتی بەرگریی سوریادا کراوە بۆ ئەوەی ئەمەی دواییان بەرپرسیارێتی پێدانی موچەو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەخێزانی شههیدو بریندارەکان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام مانەوەی ههشت هەزار شەڕڤان لەدەرەوەی هەر دامەزراوەیەکی سەربازیی یان ئەمنیی دوای چەند مانگێک لەواژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، تیشکدەخاتەسەر قەبارەی ئەو فشارو ههڕهشانهى کە هێشتا ڕوبەڕوی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەکە دەبنەوەو پرسیار دروستدەکات سەبارەت بەو ماوەیەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستیانە بۆ کۆتاییهێنان بەیەکێک لەئاڵۆزترین مەلەفەکانی ڕێککەوتنەکە.
بەردەوامیی مشتومڕەکان لەسەر چارەنوسی هەزاران شەڕڤان لەکاتێکدا دێت کە پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە وەک یەکێک لەدیارترین گۆڕانكارییهكانى سوریاى نوێ لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) نیشاندەدرێت، بەڵام مانەوەی نزیکەی ههشت هەزار ئەندام لەدەرەوەی دامەزراوە سەربازییو ئەمنییەکان دوای چەند مانگێک لەواژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جێبەجێکردنی بەندە هەرە ئاڵۆزەکان هێشتا لەمپەری لەبەردەمدایەو گواستنەوە لەلێکتێگەیشتنە سیاسییەکانەوە بۆ دوبارە داڕشتنەوەی ڕاستهقینهى هێزە سەربازییەکان هێشتا نهچوهته بوارى جێبهجێكردنهوه.
