ترەمپ پلانێکی ئەحمەد شەرعی دژی حیزبوڵا ئاشکرا کرد

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 331 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کارێکی باش دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا کاری باش لە دژی حیزبوڵا لە لوبنان ئەنجام دەدات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا، ترەمپ وتی، "پێویستە کار لەسەر ئاشتی لە لوبنان بکەین، هەروەها کار لەسەر هەوڵێکی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە نائەتۆمییەکان، وەک مووشەکی بالیستیکی ئاسایی، ئەمەش شتێکە کە باسی دەکەین. مەبەستم ئەوەیە، پێویستە هەندێکیان هەبێت، چونکە ئەوانی دیکە هەندێکیان هەیە".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران واژودەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینیدا ڕووبدات.

ڕوونیشی کردەوە کە گفتوگۆی تەکنیکی سەبارەت بە  ئەتۆمی ئێران  دەست پێدەکات و ئاماژەی بەوەشکرد، هاتوچۆی دەریایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ترەمپ بەرگری لەو ڕێککەوتنە کرد کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێی گەیشتووە و ڕایگەیاند کە نایەوێت کارەساتی ئابوری ببینێت. ئەو ڕایگەیاند "یەک شت کە نەمدەویست بیبینم کارەساتێکی ئابوری بوو. ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بووایە ئەوە ڕووی دەدا." 

هەروەها جەختیشی کردەوە، وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیی بەشدار لە لووتکەکەدا تاوتوێ کردووە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردەکانی وڵاتانی هاوپەیمان کە کورتەیەکیان لە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە پێدرا، زۆر دڵخۆشن بەو ڕێککەوتنە، ئاماژەی بە پشتیوانی بەرفراوان بۆ ڕێککەوتنەکە لەنێوان هاوبەشەکانی گروپی حەوت کرد.