شارپرێس:
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەرەکە باڵی سەربازی پەژاک دەربارەی تۆپبارانکردنی مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لەڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، هێزەکانی ئێران بەشێوەیەکی هەڕەمەکی سنووری ناوچەی مەریوان و زەوی و زارەکانی گوندی سەرچۆڕیان تۆپباران کرد.
لەڕاگەیەندراوەکەدا لەبارەی هەندێک گروپەوە یەرەکە دەڵێت، ئەو تاقمانەی هەڕەشە لە گەلەکەمان دەکەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە هێزەکانمانەوە نییە. ئەمە هەڵمەتێکی لەکەدارکردنە و بەشێکە لە شەڕی تایبەتی ئێران دژی هێزەکانمان.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
"لە ڕێکەوتی ١٦ـی حوزەیران، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران، بە ئۆتۆمبیلێکی بارکراو بە کاتیۆشا، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی سنووری ناوچەی مەریوان و زەوی و زارەکانی گوندی سەرچۆڕیان تۆپباران کرد. لە تۆپبارانەکەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە. بەڵام زیانی ماددیی بەر ڕەز و باخی خەڵکی ناوچەکە کەوتووە.
بەهەمانشێوە بەم دواییانە لە ناوچەی مەریوان، هەندێک گرووپ و تاقم کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هێزەکانمانەوە نییە، لەژێر ناوی ئێمەدا و بە شێوازی جیاواز هەڕەشە لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەن و داوای پارەیان لێ دەکەن.
وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) دووپاتی دەکەینەوە، ئەو تاقمانەی هەڕەشە لە گەلەکەمان دەکەن، هیچ پەیوەندییەکیان بە هێزەکانمانەوە نییە. ئەمە هەڵمەتێکی لەکەدارکردنە و بەشێکە لە شەڕی تایبەتی ڕژێمی داگیرکەری ئێران دژی هێزەکانمان. بەتایبەت گەلەکەمان لە مەریوان، پێویستە بەرانبەر ئەم ڕەفتارانە هۆشیاربن و لەکاتی پێویستدا لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم گرووپ و تاقمانە ئاگادار بکەنەوە".
