شارپرێس:
پرسى هەناردەکردنی نەوتی
عێراق لەڕێگەی هێڵی بۆری (کەرکوک - جهیهان)ەوە پێشوازیی لەقۆناغێکی گفتوگۆی هەستیار
دەکات، لەگەڵ نزیکبونەوەی کاتیی کۆتاییهاتنی ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە لەنێوان عێراقو
تورکیادا هەیە لە27ی تەمموزی داهاتودا، ئەمەش لەناوەڕاستی ڕەتکردنەوەی تورکیادایە
بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بهگوێرهى بەندەکانی ئێستاییو هەوڵەکانی عێراقیش بۆ
بەدەستهێنانی مۆڵەتێکی زیادە کە کەمتر نەبێت لەساڵێک، تاوەکو ڕێگە بەهەردولا بدات
گفتوگۆکانیان لەسەر ڕێککەوتنێکی جێگرەوە تەواوبکەن.
بەرپرسێکی باڵای تورکیا
لهوبارهیهوه ئاشكرایكردوه، وڵاتەکەی نایەوێت ڕێککەوتننامەی ئێستا لەگەڵ عێراق
سەبارەت بەهێڵی بۆری نەوتی (کەرکوک - جهیهان) بهگوێرهى بەندە بەردەوامەکان درێژبکاتەوە،
ئەمەش دوای ئەوەی بەغدا داوای لەئەنكەرە کردبوو، لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک درێژبکرێتەوە
بۆ ڕەخساندنی کاتی زیاتر لەبەردەم گفتوگۆکاندا.
ئەو بەرپرسە توركیه لەوەڵامی
پرسیارێکدا سەبارەت بەداواکارییەکەی عێراق، وتویهتى، "هیچ سودێک لەدرێژکردنەوەی
ڕێککەوتننامەیەکدا نییە کە خراوەتە ژێر ناوبژیوانییەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ناکۆکییەکانی
پێشوی نێوان هەردوو وڵات لەسەر میکانیزمەکانی هەناردەکردن لەڕێگەی هێڵەکەوە".
ڕێککەوتننامەکە کە مێژوەکەی
بۆ چەندین دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی خاکەکانی
تورکیاوە بۆ بەندەری جیهان ڕێکدەخات، بڕیارە لە 27ی تەمموزی ئهمساڵدا وادەکەی بەسەربچێت،
لەکاتێکدا بەغداو ئەنكەرە بەردەوامن لەتاووتوێکردنی ڕەشنوسی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ
بۆ ڕێکخستنی ڕێڕەوی هەناردەکردن لەماوەی قۆناغی داهاتودا.
پێشتریش عەلی نزار بەڕێوەبەری
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاندبوو، عێراق داوای لەتورکیا
کردوە ڕێککەوتنی ئێستای تایبەت بەهێڵی بۆری (کەرکوک - جهیهان) لانیکەم بۆ ماوەی
ساڵێک درێژبکاتەوە، بەئامانجی ڕەخساندنی کاتی زیادە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی
نوێ.
وتوشیهتى، "عێراق
لەسەرەتای ئەم مانگی حوزەیرانەوە، 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لەبەندەرەکانی باشوریەوە
هەناردەکردوەو داواکارییەکی پێشکەشی ئەنكەرەش کردوە بۆ پێدانی کاتی زیاتر بەمەبەستی
ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی جێگرەوە کە ڕێڕەوی سەرەکی هەناردەکردنەکە بگرێتەوە".
لای خۆیەوە، وەزارەتی
نەوتی عێراق بەردەوامیی گفتوگۆو کۆبونەوەکانی لەگەڵ لایەنی تورکیادا پشتڕاستکردوەتەوە
سەبارەت بەڕەشنوسی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت، لەژێر ڕۆشنایی نزیکبونەوەی
کاتی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتننامەی ئێستا لەماوەی مانگی تەمموزی ئەمساڵدا.
سەلیم ڕیکابی وتەبێژی
وەزارەتەکەش ئاماژهى بهوهداوه، حکومەتی عێراقو وەزارەتی نەوت بە"بایەخێکی
گەورەوە" دەڕواننە نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تورکیاوەو
گفتوگۆو کۆبوونەوەکانیش لەم بوارەدا بەردەوامن.
بهوتهى ڕیکابی،
"ڕەشنوسێکی نوێ بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیەو
گفتوگۆکان لەسەر بەندەکانی بەڕێوەدەچن، لەکاتێکدا زانیارییە تێپەڕبوەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
ڕێککەوتننامە بنەڕەتییەکە لەساڵی 1973 لەنێوان عێراقو تورکیادا واژۆکراوە بۆ هەناردەکردنی
نەوت لەڕێگەی هێڵی (کەرکوک - جهیهان)ەوە کە لەئێستادا ڕۆژانە زیاتر لە200 هەزار بەرمیل
نەوتی لەڕێگەیەوە هەناردە دەکرێت.
ڕێککەوتننامەکە کە پێش
نزیکەی نیو سەدە واژۆکراوە، ڕێگە بەعێراق دەدات نەوت بۆ بەندەری جهیهان لەڕێگەی
دوو هێڵی بۆرییەوە هەناردەبکات، بەڵام تورکیا بڕیاریدابوو، لە 20ی تەمموزی 2025وە،
ڕێککەوتننامەکە نوێنەکاتەوە، پێشئەوەی ڕەشنوسی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ پێشکەشی حکومەتی
عێراق بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەری.
