نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت

جیهان

06/08/2022‌ 1111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی خۆراک‌و کشتوکاڵی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان، لەماوەی مانگی حەوتی ئەمساڵدا نرخی خۆراک لەسەرئاستی جیهان بەراورد بەمانگی پێشوو بەڕێژەی لەسەدا 8.6 دابەزیوە.


ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسی بڵاویکردۆتەوە کە لەماوەی مانگی تەمموزدا لەسەر ئاستی جیهان نرخی ڕۆنی ڕووەکی بەراورد بەمانگی شەش بەڕێژەی لەسەدا 19.2 دابەزیوە، لەکاتێکدا نرخی دانەوێڵە بەڕێژەی لەسەدا 11.5و نرخی شەکریش بەڕێژەی لەسەدا 3.8 دابەزیوە.

پێشتریش ڕێکخراوی (فاو) ڕاپۆرتێکی لەسەر پێنوێنەکانی نرخی 5 گروپ لەمادە خۆراکییە سەرەکییەکان لەجیهاندا دەرکردبوو، لەئەنجامدا دەرکەوتبوو کە لەماوەی مانگی تەمموزدا نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان بەڕێژەی لەسەدا 8.6 کەمیکردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نرخی شیرەمەنییەکان لەماوەی مانگی حەوتدا بەڕێژەی لەسەدا 2.5 دابەزیوەو نرخی گۆشتیش لەدوای 6 مانگ بۆ یەکەمجار بەڕێژەی لەسەدا 0.6 دابەزیوە.

لەسەرەتای ساڵی 2021و لەئەنجامی سیاسەتی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕاکێشانی دەیان ترلیۆن دۆلار لەدراوی دۆلارو یۆرۆو جونەیهی ئیستەرلینی پشتینوانی نەکراو بۆ ئابوریی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، بووە هۆی دروستکردنی هەڵاوسانی ئابوریی‌و بەرزکردنەوەی مادە خۆراکییەکان لەجیهاندا.

جگەلەوەی بەهۆی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیاو ئەو سزا بێپێشینانەی وڵاتانى ئه‌وروپا بەسەر ڕوسیایاندا سەپاند کە یەکێکبوو لەهەناردەکارە سەرەکییەکانی وزەو مادە خۆراکییەکان لەجیهاندا یەکێکی تر بوو لەهۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەجیهاندا.