کلیلی دەستپێکی ژیان ونکراوە

مەلەفی تایبەت

13/08/2022‌ 459 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پەروەردە یەکەم کلیلی دەستپێکی ژیان:
پەروەردە گەورەترین شۆڕشی بەردەوامی مرۆڤایەتییە. لە مێژووی دووری كۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتییەوە تاكوو ئێستا، پەروەردە مەڵبەندو ناوەندی پێگەیاندنی مرۆڤەكان بووە. لەشارستانییەته‌ دێرینەكانی بابلی و میسری و یۆنانی و ڕۆمانی ‌و فارسییا پەروەردە وەك چالاكییەكی گرنگ بوونی هەبووە. فەلسەفەی پەروەردە هەوڵدانە بۆ گەشەی تاک و کۆمەڵگە، کارکردنە لەسەر بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەی خۆشبەخت بۆ کۆمەڵگە.

پەروەردە پرۆسەیەكی دێرین و فرەڕەهەندە، سیستەمێكی گشتگیر‌ و فراوان و بەردەوامە، كارێكی مەودا دوور و ئاڵۆز ‌و بەیەكاچووە، دوورە لە هەر هەڵسەنگاندن و تێڕوانینێكی سادە و سەرپێیانە. پەروەردە یەكێكە لە میكانیزمەكانی مانەوە، بەردەوامیی كه‌لتوور و زانیاری و شارستانییەت، لە ڕێگەی گواستنەوەی كۆی فیكر ‌و مەعریفە و كه‌لتوور بۆ نەوەی داهاتوو.

پەروەردە كلیلی دەستپێكی ژیان و بەردەوامیی گوزەران و ژیاری مرۆڤایەتییە و بۆتە زانستێكی سەربەخۆش... پەروەردە پرۆسەیەكی تەمەندرێژ و دێرینە، هاوتایە لەگەڵ بوونی مرۆڤا. لەسەرەتایا پەروەردە بەم شێوەی ئێستا ڕێكخراو و ڕێكوپێك نەبووە، پرۆسەیەكی نافەرمی بووە، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە لایەن خێزانەوە ئاراستە كراوە، لە ڕێگەی ئەزموون و لاساییكردنەوە بووە. خێزانیش ڕێگه‌ و شێوازی تایبەتی خۆی لە پەروەردەكردنا جێبەجێ كردووە و بەپێی ئاستی تێگەشتن و دنیابینیی خۆی پەروەردەی منداڵی كردووە. ئامرازەكانی فێربوون بریتی بوون لە: نەریتەكان، سیسته‌می بەهاكان، هونەرەكانی بەرهەمهێنان وەكوو ڕاوكردن، كشتوكاڵ، چنین و هتد.

کۆمەڵگەو پەروەردەی نادروست:
کۆمەڵگەی جیهانی سێیەم بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوو جۆر پەروەردەی نادروست لەپاڵ پەروەردەی دروست و تەندروستا بوونی هەیە، لێرەیا تەنها تیشک ئەخەینە سەر دوو جۆرە نادروستەکەیان:

جۆرێکیان ئەوەیە خێزانەکان هەر لە مناڵیەوە بەهۆکاری جیاواز دەستبەرداری پەروەردەی مناڵەکانیان ئەبن و ئەیانێرنە بازاڕی کار و پارەپەیاکردن، ئیتر مناڵ پەروەردەی شەقام و کۆڵان و بازاڕ و گوزەر و سەرقەبرانەکان وەرەگرێت. لە مێرمناداڵیشا ڕوو لە چایخانە و کافتریا و بلیاردخانە و نێرگەلە و لە پاڵیشیا مادەهۆشبەرەکان و کاری نایاسای و سەرەتاکانی قۆڵبڕین و ووردە دزی فێرەبن.

لە گەورەبوونیشا ڕوو لە قومارخانە و مەلها و یانەی شەوانە و کاری نایاسای و قاچاغ و گیرفانی بڕینی میلەت و گەندەڵی و سیاسەت بە مەبەستی بازرگانی و دانانی حیزب بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و داپۆشینی دزی و تاڵانی و قەرزە کەڵەکەبۆکان و تا کار ئەگاتە ئەوەی ئەبن بە مافیای شەوان و سیاسی باڵا بەڕۆژ.

جۆری دووەمیان ئەوەیە کە خێزان بەبێ لێپرسینەوە مناڵەکانیان ڕەوانەی پەرستگاکان ئەکەن بە مەبەستی خواپەرستی بەبێ ئەوەی بزانن لەوێ چی ئەگوزەرێ و باسی چیان بۆئەکرێ. لە هەنگاوی یەکەما مێشکیان ئەشۆنەوە و ڕایان ئەکێشن بۆ ئەو جۆرە لە باوڕەی کە خۆیان مەبەستیانە و هەر لەسەرەتاشەوە تۆوی ڕق و جیاکاری لە مێشکیان بەرامبەر ئاین و خەڵکانی دەرەوەی بازنەی باوەڕەکەی خۆی تیائەچێنن. لە مێرمناڵیشا بەتەواوەتی لە کۆمەڵگە دایانئەبڕن و بیری توندڕەوی و ئیرهاب لەژێر ناوی خواوەند و پەڕتوکە ئاسمانیەکان لە مێشکیانا ئەچێنن و ئەیانکەن بەجەلادی ناوماڵ بۆ ئازاردانی خێزان بەگشتی و خۆشکەکانیان بەتایبەتی.

بەشێکیان هانەیەن تا پەیوەندی بە ڕێکخراوە تیرۆرستیەکانەوە بکەن، سەرەنجام هەر لەسەرەتاکانی بەهاری تەمەنیانا جوانەمەرگ ئەکرێن و ناوی تیرۆرست بەباڵایان ئەبڕێت، مۆری ئیرهابیش لەناوچوانیان ئەیرێت و خێزانەکانیشیان سەرگەردان و دایک و باوکیان جەرگ سوتاوئەکەن.

کە گەورەش ئەبن بەشێکیان بۆ خۆ گەورەکردن و گیرفان پڕکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە لە باوەڕەی کە خۆی بڕوای پێیەتی ئەکرێن بە بانگخواز و لەژێر ناوی بەهەشت و حۆریا هانی گەنج و لاوەکان ئەیەن پەیوەندی بە حیزب و ڕێکخراوە ئیرهابیەکانەوە بکەن  لەلایەک، لەلایەکیتریشەوە لە هەوڵی ئەوەیان دوژمن و داگیکەرانی وڵاتەکەت وەک فیریشتە و فریادڕەس پێبناسێنن، تەنها لەبەرئەوەی سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکاریش هەڵگری هەمان بیروباوەڕی ئاین و مەزهەب و دنیابینیە..

ئەو بەشەشیان کە ئەمێننەوە ڕایان ئەکێشنە ناو ڕێکخراو و حیزبەوە تا ئەیانکەن بەئەندام پەرلەمان و وەزیر سەرکردایەتی حیزب، ناشترین پەیامیشیان تێرکردنی حەزە سێکسیەکانی خۆیانە لەژێر ناوی جێبەجێکردنی شەریعەیا، چوار ژن لەدەوری خۆیان کۆئەکەنەوە وەک ئەوەی ئەو کارە گرنگترین و تاکە ئەرکی سەرشانیانبێ، بەکوردی و بەکورتی ئەو سونەت بەتامی فەرز جێبەجێئەکەن.

ئەرکی حکومەت:
بەداخەوە حکومەتێکیش هەیە کە ئەکرێ بە حکومەتی ژمارەکان ناوزەند بکرێ، تەنها و تەنها کاری ئەوان بووە بە ساغ کردنەوەی ژمارەکان و کەرتەکانیتریان لەبیرکردووە، بەتایبەتیش کەرتی پەروەردە. لە فێرگەو خوێندگاکانی کوردستان جگە لەوەی زانستێکی کۆڵەوار هەیە بەڵام پەروەردە بوونی نییە، ئاخر زانستی بێ پەروەردە وەکو لاشەیەکی بێ مێشک و چاو و چاق و دەستە.

ئەوە کاری حکومەتە کە هەر لە مناڵیەوە خۆشەویستی نیشتمان و خاک و گەل لەدڵی فێرخواز و نەوەی سەردەما بڕوێنێ، ئەبێ حکومەت لەڕێی پەروەردەیەکی دروست و تەندروستەوە ئەوە لە مێشکی مناڵانا بچەسپێنێ کە مرۆڤ ئەبێتە هەڵگری ناسنامەی ئەو خاکەی لەسەری ئەژی، ئەبێ لەسەرەتاوە مناڵان تێگەیەنرێ کە هیچ شتێک لە خاک و نیشتمان و خێزانەکەت لەپێشتر نیە، ئەبێ مناڵان فێرکرێ کە خۆشەیستی نیشتمان لەسەرو باوەڕداری و ئاینیشەوەیە، بگرە ئاینەکانیش جەخت لەسەر خۆشەویستی نیشتمان ئەکەنەوە.

کاری حکومەتە هەر لەسەرەتاوە بچێتە ناو قوتابخانە، فێرگە، مزگەوت، کەنیسە و پەرستگاکانیترەوە و بەوانەی پەروەردەی دروست و تەندروست ئامادەی هەبێت و ڕێگەنەیا هەر کەسێک بەئارەزووی خۆی و بەگوێرەی بیرو هزر و باوەڕی خۆی نەوەی پاشەڕۆژ دەرسدابات.

ئەوەتا لە بێئاگای و بێ پلانی حکومەت و نەبوونی پەروەردەی دروست لە فێرگە جیاوازەکانا، ئەگەر نیوەی کۆمەڵگەش نەبێ بەڵام بەشێکی زۆری لایەنی کەم دوودڵ بووە لەوەی ئایا کوردستان پیرۆزترە بۆ تاکی کورد یان مەکە؟

ئەگەر لەسەرەتاوە وانەی پەروەردە بەهەند وەرگیرایە لای حکومەت و گرنگی پێبیرایە ئەوا نەک هیچ کەسێ دوودڵ نەئەبوو کە بەڵێ و وە بێگومان خاکی کوردستان پیرۆزترە لە مەکە بەڵکو بیرکردنەوەکان بەجۆرێک ئەبوو کە هەرگیز پرسیارێکی لەوجۆرە نەبیری کەسا ئەهات و نەئەشکرا.

پرسیاری نابەجێ:
پرسیارێکی تەلقینی لە کەسێکی بەناو باوەڕدار و بانگخوازەوە کە ئایا کوردستان پیرۆزترە یان مەکە؟ تەنها نیشانەی ئەوەیە کە لەو وڵاتەیا تەنها زانستێکی کرچ و کاڵ فێری فێرخوازان ئەکرێ و هیچ گرنگی بە پەروەردە نایرێ.

تەمەنی حکومەتی هەرێم ٣٠ ساڵە، ئەو کەسەی کە ئەو پرسیارە نەشازەی ئاڕاستەی کۆمەڵێک ئامادەبوونی کۆبوونەوەیەک کردووە، پەروەردەی لەخێزانێکی کورد و مامۆستای کورد وەرگرتووە، نیوەی تەمەنی لەسایەی حکومەتی خۆماڵیا بەسەربردووە، بەو واتایەی حکومەتی هەرێم لە ٣٠ ساڵی تەمەنیا سەرکەوتوو نەبووە بەهاکانی گەل و نەتەوە و نیشتمان بەدروستی بگەینێتە ناو خێزان و فێرگەکان و لەوێشەوە ڕۆچیتە ناو کۆمەڵگەوە.

باوەڕناکەمەم خەڵکی مەدینە مەکەی لاپیرۆزتربێ لە مەدینە، خەڵکی قودس، قوم، نەجەف، کەربەلاش بەهەمان شێوە. خەڵکی شارە عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامیش هەر شارو وڵاتی خۆیان لە مەکە لاپیرۆزترە، خۆ ئەگەر واش نەبووایە یەمەنییەکان بۆردومانی ئەو وڵاتەیان نەئەکرد کە مەکە بەشێکە لێی. نزمی ئاستی پەروەردە گەشتۆتە ئەوەی کەسێک پرسیارێکی هێندە نەشاز ئاڕاستە بکات کە ئەوەش لوتکەی خۆ بەکەمزانی و زەلیلی بیرو هەستی نەتەوایەتیە.
 
لەناو کوردا نەبێت بڕوا ناکەم هیچ موسلمانێکیتر بوونی هەبێ بەم جۆرە داڕوخابێت و نیشتمانی خۆی بە ناپیرۆز تەماشا بکات. مەکە پیرۆزە بۆ موسوڵمانان بەڵام خاکێک کە شاخی جودی و ئیبراهیمی باوکی پەپامهێنەرانی هەبێ چۆن ئەکرێ پیرۆزترین نەبێ لایەنێ کەم بۆ تاکی کورد. کەم کەس نکۆڵی لەوئەکات مەکە پیرۆزە بۆ موسوڵمان، بەڵام کەسیش بۆی نیە کوردستان بەکەمتر تەماشاکات، لەکۆتایشا مرۆڤەکان ئازادن بچن بۆ ئەو جێگەیەی لەنیشتمانەکەی خۆیان بەپیرۆزتر ئەزانن خۆ کەس ڕێی لێنەگرتوون.

سامانی وەستا بەکر
سوید - ستۆکهۆڵم
13ى 8ى 2022