کهمال محهمهد
"ئەلبێر کامۆ" وەک ڕۆشنبیرو بیرمەندێکی گەورەی خۆرئاوا جوانتر لەهەمومان وەسفی سروشتی ڕۆشنبیران دەکات، وەختێک سەبارەت بەخودی خۆی دەڵێت (ڕۆڵی من ئەوە نییە جیهان یان مرۆڤایەتی بگۆڕم، چونکە نە هێندە چاکمو نە ئەو داناییەشم هەیە شیاوی ئەوکارەم بکات).
بۆیە فرۆشتنی ڕەنجی ھەر مرۆڤێک وەک فرۆشتنی خودی مرۆڤی خاوەن ڕەنجە کە ئەمەش شتێک نییە لەبنەرەتدا بەسەرتدا سەپێندرابێت کە ئەگەر خودی مرۆڤ نەیەوێت، بۆیە ڕۆشنبیر پێویستە ھێزی بیرکردنەوەو ڕەنجی تێکەڵ بەدەسەڵات نەکاتو نابێت بەشێوەیەک پێناسەی بکرێت کە غوڵامو کرێکارێکی باش بێت بۆ دەسەڵات، ئەرکی ڕۆشنبیر ھەڵوێست وەرگرتنە لەدژی کۆیلایەتی، دوربون لەسێبەری دەسەڵاتێکی ستەمکار گەورەترین پاشایەتییە، چون نزیکبونەوە لەو سێبەرە بێبەریبونێتی لەئازادی بیرکردنەوەو ماتەوزەی بەھێزی بیرکردنەوەکانی.
ئەمڕۆکە پارادایمێک ھەیە کە پێویستە پشتگیرییو پشتیوانی بین کە کۆمەڵگهی تەندروستو ئازادو دیموکراتەو خودی مرۆڤ یاساییبونی خۆی دابمەزرێنێتو پابەندی ئەو یاسایانە بێت کە کۆمەڵایەتیبون بپارێزێت، بەری ڕەنجی ڕۆشنبیران کاتێک بەرز ئەنرخێندرێت کە لەکەسایەتیو ھەڵوێستەکانی خۆیاندا نوێنەرایەتی گەلی تێدا ببینرێت لەم واتایەدا وەک کەسێکی شۆڕشگێڕ دەست بەبونیادنانی خۆی ھاوکات دەست بەبونیادنانی کۆمەڵایەتیش بکەنو ئەوە نیشانی ھەموان بدرێت کە ئەوەی لەکەسایەتی ئەوان جەستە ئەکرێت مرۆڤایەتی ئازادو کۆمەڵگهی ئازادە، لێرەوەیە کاریگەریی ڕۆشنبیر جگە لەناو، چالاکیو ھزر دەگرێتو کاریگەریی تاک لەبونیادنانی کۆمەڵگادا بەدیدێنێت.
ئەرکی ڕۆشنبیرە مەودای نێوان خۆیو سیستەمێک کە لەخزمەتی گشتیدا نییە فراوان بکات، چون گەر بمانەوێت ڕۆشنبیرێک بناسین لەھەڵوێستو نوسینەکانی ئەڕوانین کە ڕاستترین ڕێگایە بۆ ناسینی کە چۆن ھەموو ھەوڵو تەقەلایەکیان بۆ ھۆشیارییە کە ھاوتەریب بێت بۆ بەردەوامی بەدوای مافو ژیانکردنەوە نەوەک خۆشاردنەوە بێت لەکاتە ھەستیارەکاندا، لێرەوەیە بەرگریکردن لەئازادیو بەرەی گشتی چەندە گەورەیە.
پشک کردنی زانیارییو ئاگاییو زیادکردنی خۆیەتی لەکەسانی تردا واتای خۆ زیادکردنە لەوکەسانەدا، بەھێزترین مرۆڤی ڕۆشنبیر ئەوەیە ھێزی واتاو بیرکردنەوەکانی ھێزی شەیدای ئازادی بێتو بەگەڕان بەدوای حەقیقەتو تێکۆشان لەدژی ناحەقی دەستپێبکات، بەوپێیەی چینەکان ڕاستیەکن، بەڵام ئەگەر شۆڕش بدرێتە پاڵ چینەکان وەک یەک ئەوا ئەنجامێکی ئەرێنی بەردەست ناخەین، کاتێک دەڵێین شۆڕش بێگومان یەکسەر شۆڕشی فیکرو ڕۆشنگەریمان بیردێتەوە چون شۆڕشو تێکۆشان بۆ ئازادییو دیموکراسی لەدوو کەناڵەوە پێش ئەکەوێت، یەکەم ڕۆشنبیریو دوەمیش کۆمەڵایەتی، بەدرێژایی مێژوش گەڕان بەدوای ھیواو ڕێپێوان لەم پێناوەدا ھەمیشە لەم دوو ڕێگاوە سەریھەڵھێناوە، ئەمڕۆکە ھەموو شۆڕشەکان شۆڕشی گەلن، ئەگەر خواستی گەیشتن بەئەنجامێک ھەبێت لەکۆمەڵگهو سەردەمی ئێمەش بەدیاریکردنی ڕێگایەک ھەنگاو بەرەو ئامانج لواو نابێت، بەڵام ئەرکە گرنگەکە شیمانەکردنی ڕێگهکەو بەرێوەچونێتی لەڕێبازێکدا کە کورتترینو ئاسانترین ڕێگه بێت بۆ گەیشتن بەئامانج.
ئێستا دەکرێ لەڕۆشنبیرانی ئەم سەردەمە بڕوانین کە کاریگەرییەکی سنورداریان ھەیەو زۆرینەیان ھەست بەیۆتۆپیاو خەونەکانی نێو ناخی چینەکانی ژێرەوە ناکەنو خاوەنداریی لێناکەنو لەبەرامبەر ھەژارییو زوڵمو زەبرو سیستەمێک کە ئۆبژەی تاکڕەویو کۆیلایەتی لێ بەرھەمدەھێنێت بێدەنگنو لەبری ڕەوایی لەحەق وتنو دژی چەوسانەوەو ھەنگاو بۆ بەدیھێنانی خەونەکانی خۆیان ئەنێنو چالاکیو نوسینەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵابونیانە لەبەرامبەر ڕۆڵی فرۆشی خۆیانەوە، ئەمانە پتر نایانەوێت جیھانبینی تاک بەواقیع بگۆڕنو نایەوێت وەک ئارگۆمێنتسازێک دەسەڵات بۆ جەماوەر دەربخات، بەڵکو ئارەزوی دەسەڵات بۆ خۆی ئەکات، پرۆسەی بەڕۆشنبیرکردن کاتێ دەستپێدەکات کە ڕۆڵو ڕەنجی ڕۆشنبیرێکو سەربازێکی حزبی ھەمان کارو پاداشت بێت کە دواجار جێبەجێکردنی فەرمانە بۆ ھەردوکیان نەوەک بیرکردنەوە بۆ ڕۆشنبیرێک! بۆیە زۆرینەی ڕۆشنبیرانی ئێمە زیاتر وەک ئەکتیڤیستێکی سیاسی حزبی دەرەکەونو پشتیان لەئەندێشەکانو گەلیش کردوە.