شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
تورکیا لهگهڵ ئهوى لهڕوى سهربازیهوه جهنگێكى خوێناوى دژى كورد لهڕۆژئاواى كوردستان ڕاگهیاندوه، هاوكات ههوڵدهدات شانبهشانى ئهو جهنگه، كورد ڕوبهڕوى مهترسیهكى گهورهتر بكاتهوه ئهویش بڕینی ئاوی فوراتو گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیه.
ماوەی چەند مانگێکە دەوڵەتی تورکیا بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشدەکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستانو دانیشتوانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەڕێکی سەخت دەستیپێکردوه، لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی تورکیا کورد لەڕۆژئاوای فوراتو ڕۆژهەڵاتی فورات بەتایبەتی کۆمەڵکوژبکاتو دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت، هەوڵدەدات لەسەر بنەمای جینۆسایدکردنی کوردان لەگەڵ حکومەتی دیمەشقیش ئاشتبێتهوه.
شەڕی ئاو
توركیا بهئاشكرا لهڕوى سهربازیهوه هێرشدهكاتهسهر ڕۆژئاواى كوردستان، بهڵام جهنگێكى دیكهى بهبێدهنگى دهستپێكردوه، چاودێران پێیانوایه، ئهم شەڕهى توركیا ستراتیژییو گهورهیه لەدژی ڕۆژئاوای کوردستانو تەواوی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئهویش جەنگى بڕینی ئاوی فوراتە.
شەڕی ئاو لهلایهن توركیاوه لەدژی سوریاو عێراق كه ئێستا ههیه، مێژوویەکی کۆنی هەیە، تورکیا هەموو بهردهوام ههوڵیداوه فشاربخاتەسەر سوریاو عێراق، ئاوی فوراتو دیجلەی لەسەر هەردوو وڵات بڕیوە.
ڕوباری فورات
ڕوباری فورات یەکێکە لەدرێژترینو گەورەترین ڕوبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەوترێت کە بۆ یەکەمجار ژیانى مرۆڤایهتى لەکەنارەکانی فوراتو دیجلە یان ناوچەی میزۆپۆتامیا دەستیپێکردوە.
ڕوباری فورات لەکانیو دەریاچەو چیاکانی باکوری کوردستانەوە دەڕژێت بەدرێژایی 1200 کیلۆمەتر بەرەو سنوری سوریا، لەسوریا ڕوباری فورات بەناو شاری جەرابلوسدا دەڕژێتە ناو شاری بوکەمال کە درێژیەکەی 600 کیلۆمەترە، لەنزیک شاری قائیمی عێراق ڕوباری فورات دەپەڕێتەوە بۆ ناو عێراقو دەگاتە ڕوباری دیجلە لەنزیک شاری بهسرەو لەوێشەوە هەردوو ڕوباری فوراتو دیجلە دەچنە کەنداوی عەرەبەوە.
لەساڵی 1987 تورگورت ئۆزال سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا سەردانی دیمەشقی کرد، سوریاو تورکیا ڕازیبون ڕێگە بەتورکیا بدەن بۆ ڕێگەدان بەڕوباری فورات لەچەند چرکەیەکدا، 500 مەتر ئاو بچێتە ناو سوریاوە، بەڵام تورکیا لەمساڵانەی دواییدا پابەندی ئەو ڕێكهوتنه نەبوو.
وڵات دهروێش سەرۆکی وزەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواى كوردستان بەشارپرێسی وت:"لەئێستادا تورکیا تەنها لەیەک خولەکدا 250 مەتر ئاوی ڕوباری فورات دێته ناو سوریا، لهكاتێكدا بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، ئهو ڕێژەی ئاوهی فورات كهمتره".
پڕۆژەی گاپو جینۆسایدی کورد
تائێستا توركیا دەیان بەنداوی لەسەر هەردوو ڕوبارى دیجلهو فورات دروستکردوە وەک بەشێک لەپڕۆژەی ئەناتۆلیای باشوری ڕۆژهەڵات، پڕۆژەی گاپ کە ئامانج لێی كۆمهڵكوژكردنى کوردانی باکوری کوردستانە لەسەر کەناری ڕوبارەکانی فوراتو دیجلە.
دروستکردنی بەنداوەکان کاریگەریی زۆر خراپى لەسەر کوردانی باکوری کوردستان دروستکردوهو لەماڵو حاڵی خۆیان کۆچیان کردوه بۆ شارەکانی تورکیا، بەڵام لەمساڵانەی دواییدا دروستکردنی ئەو بەنداوانەو بڕینی ئاوی فورات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانو هەموو پێکهاتەکانی سوریاش دروستكردوه.
بڕینى ئاوى فورات چ کاریگەریەکی لهسهر ڕۆژئاوا دروستكردوه؟
بەبڕینی ئاوی ڕوباری فورات بۆ سەر هەرێمەکانی سوریاو بەتایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیانی هەرێمەکە سێ زیانی گەورەیان بەرکەوتوە، لەڕوی کشتوکاڵو ئاوی خواردنەوەو کارەباشەوە زیانى گهورهى دروستكردوه.
کشتوکاڵ
بەپێی وتهى بهرپرسانى دهزگا کشتوکاڵییە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، 900 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی لەڕوباری فوراتەوە ئاودێریکراون، لەو 900 هەزار هێکتارە، گەنمو جۆو پەموو دارو باخو هتد دەچێنران، بەڵام بەهۆی بڕینی ئاوی فوراتەوە لەلایەن تورکیاوە 400 هەزار هێکتار بێ ئاو بونو ئێستا تەنها 500 هەزار هێکتار دەچێنرێت.
لەیلا محەمەد هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵو ئاودێریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ شارپرێس قسهیكردو ڕایگهیاند، "سهربارى ئهوهى دوو ساڵه وشکەساڵی ڕوى لهناوچهكه كردوه، بهڵام بارودۆخی کشتوکاڵی ناوچە خۆبەڕێوەبەرەکان زۆرباشە، لهگهڵ ئهمهدا بڕینی ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە بۆسەر هەرێمەکانمان، کاریگەری خراپی لەسەر کشتوکاڵ دروستكردوه".
لەیلا محەمەد باس لهوهدهكات، "ساڵی داهاتوو زیاتر پشت بەبیرە ئاوییەکان دەبەستين بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن کشتوکاڵ بکەنو هەروەها سوتەمەنیش بۆ جوتیاران دابینبکەين، ئێمە لەئاودێرییو کشتوکاڵیدا شێوازی مۆدێرنو زانستی بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ئاوی ژێر زەویى زۆر بهكارنهیاتو لەساڵانی داهاتودا سود لەو ئاوە وەربگرین".
كێشهى گەنم
کێشەی كهمیی گەنم بۆته ڕۆژهڤى سەرەکی لەهەموو جیهاندا، ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی ناوچەکانی (جزیرێ، ڕەققە، کۆبانێو تەبقا) بەکشتوکاڵی گەنم بەناوبانگ بون، بەڵام بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی کە لەمساڵانەی دواییدا ڕویداوەو گۆڕانی کەشوهەواو بڕینی ئاوی فورات لەسەر سوریادا، چاندنى گەنم زۆر زەحمەت بوه.
لەیلا محەمەد هاوسەرۆکی بۆردی کشتوکاڵو ئاودێریی ئهوهشى بۆ شارپرێسى ڕونكردهوه، "بەپاڵپشتیکردنی جوتیارانو دابینکردنی سوتەمەنیو ئاوەڕۆ بۆ جوتیاران، بڕی ئەو گەنمەی ئەمساڵ سەریهەڵداوە بۆ ساڵێکی دیکە بەسە، ئەمساڵیش تۆوی گەنمو جۆ بەجوتیاران دەدەین بۆ ئەوەی بهرههمى باشترمان دهستبكهوێت".
فاو هۆشداریدهدات
بەگوێرهى ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراکو کشتوکاڵی نەتەوەیەکگرتوەکان ناسراو به(فاو) کە بەمدواییانە ڕاپۆرتی خۆی بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت:"بەهۆی وشکەساڵیو بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە 70٪ی کشتوکاڵی زەوی (کە بهرهو بێ ئاوى دەچێت)، 25٪ی کشتوکاڵ بههۆى بێئاویهوه لەسەرتاسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بهرهو شکستهێنانى تهواوهتى دهچێت.
مهترسى نهمانى ئاوى خواردنهوه لهسهر 7 ملیۆن كهس ههیه
بڕینی ئاوی ڕوباری فورات لەلایەن تورکیاوە نەک هەر کاریگەریی لەسەر ناوچە کشتوکاڵییەکان هەبوە، بەڵکو کاریگەری زۆری لەسەر ئاوی خواردنەوەش دروستكردوه.
وڵات دهروێش سەرۆکی وزەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواى كوردستان تایبهت بۆ شارپرێس وتى:"نزیکەی 7 ملیۆن کەس لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاوی ڕوباری فورات دەخۆنهوه".
وڵات زیاتر لهوبارهیهوه وتى:"زۆربەی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە(حەلەب، کۆبانێ، عەین عیسا، سیرین، ڕەققە، تەبقا، دێرەزورو باشوری کانتۆنی حەسەکە) لەڕێگەی وێستگەکانەوە لەڕوباری فوراتەوە ئاوى خواردنهوه وهردهگرن".
ئهوهشى وت:"ئەگەر کەمبونەوەی ئاوی تورکیا بەردەوامبێت، زۆربەی وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە لەخزمەتگوزاری دهوهستنو ئاوی ئێستای ڕوبارەکە پیسدەبێت، ئهوكاتیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی 7 ملیۆن کەس زیاتر دروستدهكات".
یونیسێف داوایهكى بەپەلەی ههیه
ڤیکتۆر نیلوند نوێنەری ڕێکخراوی منداڵانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسوریا (یونیسێف) تیشکیخستەسەر کاریگەری بڕینی ئاوی فورات لەسەر ئاوی خواردنەوەو وتی:"کەمبونەوەی ڕێژەی ڕوباری فورات کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر خەڵکی ناوچەکە، ئاوی خواردنەوە لەدێرەزورو ڕەققەو حەلەب لەئێستادا لەکەمبونەوەدایە، بۆیه پێویستە لەماوەیەکی کورتدا گفتوگۆ بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوی خواردنەوە".
سهرچاوهكانى ڕۆژئاواى كوردستان باس لهوهدهكهن، تورکیا نەک تەنها هەوڵدەدات لەڕێگەی ئاوی فوراتەوە خەڵکی هەرێمەکە بێ ئاو بكات، بەڵکو لەوکاتەوەی تورکیا لە2019دا هەرێمی سەرێکانی داگیرکردوە، ڕێگەی نەداوە وێستگەی ئیلۆک کە ئاوی خواردنەوە بۆ حەسەکە دابیندەکات، لەساڵی 2019وە خەڵکی حەسەکە بەبێئاوی خواردنەوە دەژین، بهڵام دوای فشارەکان تورکیا ناچاربوو لەهەفتەیەکدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاو بچێتە ناو وێستگەی ئاوی خواردنەوەوە.
ژمارهیهك لهدانیشتوانی حەسەکە ئهوهیان بەشارپرێس ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە بێ ئاوی خواردنەوەن، چونکە دەوڵەتی تورکیا ڕێگەنادات کرێکارانی وێستگەکە ئاو بۆ حهسهكه دابین بكهن، مهترسیهكهش ئهوهیه ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوامبێت، ئەوا ژیانی زیاتر لەملیۆنێک دانیشتوی ناوچەی حەسەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
کارەبا
وەک بهرپرسانى ئیدارهى خۆسهر باسیانكرد، کەمبونەوەی ئاوی ڕوباری فورات کاریکردۆتەسەر کشتوکاڵو ئاوی خواردنەوەو لەهەمان ئاستی مەترسیدا بڕینی ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە کاریگەری لەسەر کارەباش هەبوە.
لەسەر ڕوباری فوراتو بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، سێ بەنداو بۆ کارەبا لەسوریا دروستکراوە، بەنداوی تشرین لەباشوری ڕۆژهەڵاتی شاری مهنبهج، بەنداوی فورات گەورەترین بەنداوی سوریایەو لەنزیک شاری تەبقاو بەنداوی حورییە لەنزیک شاری ڕەققە.
بەنداوەکە بەڕێژەی 300 مەتر لەخولەکێکدا پێویستی بەئاو هەیە بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە یەک تۆربین لەبەنداوی تشرین یان بەنداوی فورات بەکاربێنێتو بەتوانای 105 مێگاوات کارەبا دابینبکات، بەڵام لەوکاتەوەی، تورکیا تەنها 250 مەتر ئاو لەخولەکێکدا بەردەداتهوه، کارپێکردنی هەموو تۆربینەکانی کارەبا زۆر زەحمەتە.
مەترسیی نەمانى کارەبا
وڵات دهروێش سەرۆکی نوسینگەی وزەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئهوهشى بۆ شارپرێس ڕونكردهوه، ڕێژەی ئاوی فورات لەتورکیا کەمبۆتەوە، کاریگەریی زۆری لەسەر بەنداوەکان دروستكردوهو ئەگەریش ئاوی ڕوباری فورات بەردەوامبێت لەکەمبونەوە، ئهوا هەموو بەنداوەکان لەخزمەتگوزاریی دهوهستنو لەزۆربەی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کارەبا دەبڕدرێت.
تەنها 6 کاتژمێر کارەبا لەڕۆژێکدا
بهوتهى دهروێش، "ئەو کارەبایەی دابیندهكرێت بۆ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبەنداوەکانی "تشرین، فوراتو حوڕییە"وهیه، بەڵام لەوکاتەوەی تورکیا ئاوی ڕوباری فوراتی کەمکردۆتەوە، ئێستا تەنها 6 کاتژمێر کارەبا بۆ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دابیندەکەینو ههر ئهوهندهمان توانا ههیه".
ئهوهشى نهشاردهوه، "تورکیا دەیەوێت ئاوی ڕوباری فورات لەسەر دانیشتوانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو هاوكات دەرفەتی ژیانیش لهڕۆژئاواى كوردستان نههێڵێتو دهیهوێت کورد ناچار بهكۆچكردن بكات لهناوچهكانى خۆیان".
ش.هـ