شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی 11 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ڕابردوی عێراقدا تێپەڕیوەو هێشتا هیچ حکومەتێک دروستنەکراوە، بەڵام ڕۆژنامهیهكى بهریتانیا پێشبنیکردوە، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەو قەیرانە سیاسییەی لەعێراقدا هەیە چارەسەرنەکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەڵبژاردنەکە قەیرانی نوێ بۆ وڵاتەکە دروستبکات.
ڕێناد مەنسور توێژەر لەکاروباری عێراق لەدامەزراوەی چاتام هاوس لەلەندەن بهڕۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ"ی بەریتانی وتوه، "ئەستەمە لەهەڵبژاردنی داهاتودا چاوەڕوانی ئەنجامی جیاواز بکەین، چونکە ئەوەی دەیزانین ئەوەیە زۆربەی عێراقییەکان بەشداریی هەڵبژاردنەکان ناکەن، بەشێوەیەک لەهەموو هەڵبژاردنێکدا ڕێژەی دەنگدان کەمترو کەمتردەبێتەوە".
هەروەک وتویەتی:"ئەوانەی ئەمجارە دەگەنە تەمەنی دەنگدان ئەگەری چونیان بۆ دەنگدان كەمترە، بۆیە گریمانهدەکرێت تەنها ئەوكەسانە دەنگبدەن كە پەیوەستن بەبنكەی كۆمەڵایەتیی لایەنە سیاسییەكانەوە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی نوێ لەعێراقدا بەڕێوەبچێت، ئەستەمە جیاوازییەكی زۆر گەورە لەوەی ڕابردوو ببینرێت".
لای خۆیەوە سەجاد جیاد شرۆڤەکاری سیاسییو هاوڕێی دامەرزاوەی سەنچوری ئینتەرناشیۆناڵ بەڕۆژنامە بەریتانییەکەی وتوە، "بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی نوێی پێشوەختە لەعێراق مانای گێڕانەوەی دۆخەکەیە بۆ قۆناغی بنبەست، بەڵام ڕەنگە کۆتایی بەبنبەستێکی تر بهێنێت".
ئاماژهى بهوهشكردوه، "داواکاریی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێئەوەی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبێت نابێتە هۆی کۆتاییهێنان بەچەقبەستویی سیاسیی، هەربۆیە هەڵبژاردنی نوێ چارەسەرنییەو ڕەنگە دۆخەکە مەترسیدارتربکاتو خەڵکی عێراق بەیەکجاری بڕوایان بەدیموکراتییەتو پڕۆسەی هەڵبژاردن نەمێنێت".
ئهوهشى وتوه، "ئەگەر هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت گوماندەکرێت ئەنجامەکان هاوشێوەی هەڵبژاردنى ڕابردوو بێت، بەوپێیەی بەدەمەوەچونی خەڵک بۆ هەڵبژاردن زۆر کەم دەبێت، بۆیە دواجار هەمان ئەنجامی پێشوو بەدەستدێتەوەو هیچ لەبارودۆخەکە ناگۆڕێت".
