ئەوەی ڕوسەکان بەشه‌ش مانگ داگیریانکرد، ئۆکرانییەکان بەهەفتەیەک کۆنترۆڵیانکردەوە

جیهان

13/09/2022‌ 2366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەفتەی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەر لەبەرەکانی شەڕ لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕویاندا، ئەویش کاتێک ئۆکرانیه‌كان هێرشێکی زرێپۆشی خێرایانکردەسەر سەرتاسەری هێڵەکانی بەرگریی ڕوسیاو لەئەنجامیشدا زیاتر لەسێ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەیان کۆنترۆڵکردەوە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی، ئەوەی ئۆکرانیه‌كان لەو هەفتەیەدا کۆنترۆڵیانکردۆتەوە، لەو ڕوبەرە گەورەترە کە ڕوسیا لەماوەی 6 مانگى ڕابردودا، واتە لەمانگی نیسانی ڕابردووەوە داگیریانکردبوو.

چاودێران باس لەوەدەکەن، ئەو شکستەو ئەو پاشەکشە گەورەیەی سوپای ڕوسیا، ئەرکی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا بۆ دەستگرتن بەسەر سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، واتە (لۆهانسک‌و دۆنیتسک) قورستر دەکات.

جگە لەو پێشکەوتنە مەیدانیە، ئۆکرانیا لەجەنگی زانیاریی‌و هەواڵگرییشدا بەسەر ڕوسیادا سەرکەوتوە، ئەویش کاتێک سوپای ئۆکرانیا وەک چاوبەست لەڕوسیا، نزیکەی 10 هەزار سەربازی ڕەوانەی بەرەی جەنگی خیرسۆن کردو ڕوسەکانی بەو بەرەیەوە سەرقاڵکردو هەندێک پێشڕەویشیانکرد، لەکاتێکدا ئامانجی سەرەکیی ئۆکرانیا سەدان کیلۆمەتر لەو بەرەیەوە دوربوو، ئەویش پەلاماردانی بەرەی شاری خارکێڤ بوو.

کاترینا ستێپانینکۆ لەپەیمانگای لێکۆڵینەوە لەجەنگ کە دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەیەو بارەگاکەی لەواشنتۆنە، وتویەتی:"ئەو فێڵە کاریگەری هەبوو، بەوپێیەی مۆسکۆ ئەو گروپە ڕوسیانەی کە پێشتر پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانیان بۆ سەر سلۆڤینسک دەکرد، لەبەرەکانی باشور جێگیرکردەوە، بەڵام ئەو هێزانەی لەباکور جێگەیان گرتەوە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بەمیلیشیا جوداخوازەکانی سەر بەڕوسیا بەستبوو، بەشێوەیەکی باش تەیار نەکرابون بۆئەوەی بەرگریی لەو بەرەیە بکەن".

چاودێران باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، له‌ئه‌نجامدا ئۆکرانیه‌كان لاوازترین خاڵی بەرگریی ڕوسیایان هەڵبژارد بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە، ناوچەیەک کە دوای کشانەوەی یەکەکانی سەر بەپاسەوانی نیشتمانیی ڕوسیا، لەلایەن میلیشیاکانی لوهانسکەوە کۆنترۆڵکرابوو.