مانچستەر یونایتد پارەیەکى خەیاڵی بۆ نوێکردنەوەی یانەکە تەرخان دەکات

وەرزش

15/09/2022‌ 221 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەى زەسەنى بەریتانى ئاشکرای کرد، کارگێڕى یانەى مانچستەر یونایتدى ئینگلیزى پاڵپشتییەکى نوێى ئیریک تین هاگى ڕاهێنەرى یانەکەى دەکات لە کاتى کردنەوەى دەرگاى بازاڕى گواستنەوەى زستانە

رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردوە، 70 ملیۆن پاوەند دەخرێتە بەردەم تین هاگ و لە ئەگەر ڕۆیشتنى کریستیانۆ ڕۆناڵدۆى هێرشبەرى یانەکەش لە هەمان ماوەى گواستنەوەدا بڕەکە بۆ 100 ملیۆن پاوەند بەرزدەکرێتەوە.

یانەى مانچستەر یونایتد ئامادەبوو لە گواستنەوەى هاوینەدا دەستبەردارى رۆناڵدۆ بێت، کە بڕى گرێبەستەکەى کەمتر نەبێت لە 20 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام دواجار لە یانەکەدا مایەوە.

گەورەترین ئامانجى داهاتووى تین هاگى ڕاهێنەر، گواستنەوەى فرینکى دى یۆنگى هۆڵەندى یاریزانى هێڵى ناوەڕاستى یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانییە، کە پێشتریش پێکەوە لە یانەى ئەیاکسى هۆڵەندیدا کاریانکردووە.

مانچستەر لە وەرزی گواستنەوەی هاوینەدا 215 ملیۆن پاوەندى لە گواستنەوەى یاریزاناندا خەرجکرد، کە دیارترینیان ئەنتۆنى و کاسمیرۆى بەڕازیلى و لیساندرۆى ئەرجەنتینى بوون.
س.هـ