کوردی یەکخستەوە
مەرگی ژینا ئەو بومەلەرزەیەی دەسەڵاتی ئێرانی هەژاند

کوردستان

20/09/2022‌ 1608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ژینا و دایک و باوک و براکەی رۆژی 05/09/2022 بۆ پشوودان لە سەقزەوە چوونە باکووری ئێران، دوای هەفتەیەک مانەوە، لەوێوە رۆژی دووشەممەی چوونە تاران و سەردانی ماڵی پووری ژینایان کرد، ئەو خێزانە دەیانویست دوای چەند ڕۆژێکی کەم لەمانەوەیان لە تاران بگەڕێنەوە بۆ سەقز، بەڵام دەستبەسەرکردنی ژینا لەلایەن پۆلیسی تارانەوە هەموو شتێکی گۆڕی و بووە و خەونەکانی ژینای بردە ژێر گڵەوە، بوە سەرەتای زنجیرەیەك ناڕەزایەتی گەورە کە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.

ژینا و ئەشکانی برای رۆژی سێشەممەی ڕابردوو دەچنە نێو شاری تاران تاوەکو پیاسەیەک بکەن، دوای دابەزینیان لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران، پۆلیسی ئاکار کە بەرێوەبەرێتیەکی تایبەت بە چاودێریی جل و بەرگ و ڕەفتاری ئێرانیەکانە لە شوێنە گشتیەکان، بانگی ژینا دەکەن و لەسەر شێوازی جلوبەرگی دەستبەسەری دەکەن، لێرەوە ڕووداوەکان دەستپێدەکەن کاتێک ژینا لەنێو ئۆتۆمبێلی پۆلیسدا دەبێت، دەترسێت و دژی دەستبەسەرکردنی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە، هێزەکانی پۆلیسیش بە دار لە سەرییان داوە، بەوەش زەبرێکی کوشندە بەر سەری ژینا کەوتووە و دوای چەند ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

مردنی ژینا بوە یەکێک لەو ڕووداوانەی گۆمی مەنگی ناڕەزایەتیەکانی لە ئێران شڵەقاند، بە بێ جیاوازی نەتەوە و ڕەگەز زۆرینەی گەلی ئێران بۆ ئەو ڕووداوە هاتنەدەنگ، کارگەیشتە سەرۆک کۆماری ئێران و کۆشکی سپی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا.

کۆشکی سپی گیانلەدەستدانى ژینا ئەمینی بە توندی سەرکۆنەکرد و وتی  سوکایەتییە بە مافەکانی مرۆڤ و داوای سزادانى ئەوانەش دەکات کە بوونە هۆکاری گیانلەدەستدانى ئەو کچە کوردە.

ئەوەی لە ڕووداوی کوشتنی ژینا جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە و بە پێشهات و گۆڕانکارییەکی نوێ دادەنرێت ئەوەیە، پێشتر بۆچوونێک هەبوو کە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، لە ئێران هیچ پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزیان نییە، بەڵام ڕووداوی کوشتنی ژینا دەریخست ئەوان سەرەڕای پەرتەوازییان، بەڵام هێشتا دەتوانن شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بجوڵێنن و بوونە داینەمۆی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان دژی کوشتنی ژینا.

لەدوای ئەو ڕووداوەوە پارتەکانی ڕۆژهەڵات دەچنە قۆناغێکی نوێی خەباتکردنەوە، هەم لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لەسەر ئاستی ناوچەکە، چونکە بۆ وڵاتانی نەیاری ئێران دەرکەوت کە پارتە کوردییەکان لە توانایاندایە شەقام دژی ڕژێمێک بجوڵێنن کە بەزەبری ئاگر و ئاسن حوکم دەکات.

لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، بانە، دێولان، سەوڵاوا، کامێران، مهاباد، بۆکان، پیرانشار، شنۆ و نەغەدە و دیواندەرە، زۆربەی دووکان و بازاڕەکان داخران، لەنێو شاری کرماشان و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەش مانگرتنی گشتی بەڕێوەدەچێت، هەروەها لەنێو شاری ئیلام و چەند شارێکی دیکەی پارێزگاکەش، بەشێک لە خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە و لە چ ەند شوێنێکیش ڕوبەڕوو بونەوەی نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران ڕویداو ژمارەیەک لە هەردوولا برینداربوون..

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، رێگە نەدەن ناڕەزایەتیی هێمنانەی خەڵک لە دژی مردنی گوماناویی ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو تووندوتیژی بچێت، لەکاتێکدا ئەو هەڵوێستەی حزبی دیموکرات جێگەی سەرنجە بەوپێیەی کەسوکارەکەی ژینا دڵنیان لەوەی کچەکەیان کوژراوە بەڵام ئەو حزبە بە مردنی گوماناوی ناویدەبات.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، تاکە پارتی سیاسییە بە ئاشکرا ڕووداوەکە وەك کوشتن ناودەبات و داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە هەڵوێست وەربگرن.

کۆمەڵە زۆر بەراشکاوی ولە خۆ رابینییەوە داوای لە هاولاتیانی ڕۆژهەڵات کرد دوکان و بازارەکانیان دابخەن و مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیەنن، هەر واشبوو، ڕاستەوخۆ لەو کاتەی کە کۆمەڵە دیاریکردبوو لەسەرجەم شارەکان چالاکی مەدەنی و مانگرتنی سەرتاسەریی دەستیپێکرد.

پێشتر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەیەک رێکخراو و دامەزراوەی مەدەنیی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردبوو رۆژی دووشەممە دژ بە کوژرانی ژینا ئەمینی و باڵاپۆشکردنی ناچاریی ژنان ناڕەزایەتی دەرببڕن و دووکان و بازاڕەکان دابخەن و نەچنە سەر کارەکانیان... لە ڕۆژی دووشەممەشدا وەک ئەوەی داواکرابوو ناڕەزایەتی دەربڕدرا، بەوەش چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە و خەڵکی ڕۆژهەڵات ئامادەییان نیشانداوە بەدەم داوای حزبە کوردییەکانی ئەو بەشەی کوردستانەوە بچن.

باوکی ژینا ئەمینی دەڵێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانی راگەیاندووە، ئەو ڤیدیۆیانەی لە تەلەڤزیۆنەکانی ئێران لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکراونەتەوە "درۆ" بوون.. ئەوەش پێشهاتێکی نوێیە کاتێک لەئاستێکی باڵا بەرپرسێکی ئێران دێتەسەر خەت، لەکاتێکدا پێشتر و ڕۆژانەش دەیان کەس لەو وڵاتە بە پاساوی جۆراوجۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکوژرێن.

لە باشووری کوردستان کاردانەوەکان دژی کوژرانی ژینا لاواز بوون، جگە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پەیوەندی بە خانەوادەی ژیناوە کرد، هیچ حزبێکی سیاسی هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە، تەنانەت ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە حزبەکان زیاتر هەڵوێستیان نواند و ڕۆژی دوشەممە ناڕەزایەتییەکانیان بردەسەر شەقام.

حزبە کوردیەکانی رۆژهەڵات باس لەوە دەکەن کە پێویست بوو لە باشوری کورستانەوە هەڵویستی جدی و بەرفراوان هەبوایە بەرامبەر بەو تاوانەی کە دەرهەق بە ژینا ئەنجامدراوەو چاوەرێی ئەوەیان لە خەڵکی هەرێم هەبوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵوێست بنوێنن.