دواین زانیاری لەبارەى دابەشکردنى نەوتی سپی و دانانى کامێرای چاودێری تیژڕەویی ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

26/09/2022‌ 1522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانى رایدەگەیەنێت، نوسراویان کردوە بۆ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان کردوە بۆ دابینکردنى نەوتی سپی و پەرلەمانتارێکى عێراقیش دەڵێت" بەڵێنیان پێدراوە مانگی داهاتوو بەغدا ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەى سلێمانی بکات".

ئازاد حەمەدەمین سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا سەبارەت بە دانان یان هەڵوەشاندنەوەى کامێراکانى تیژڕەویی رایگەیاند،"ئێمە لە ماوەى رابردوو سێ بریارمان دەرکرد سەبارەت بە کامێرەکانى تیژڕەوی یەکێکیان ئەم پرسەمان رووبەرووی پەرلەمانى کوردستان کردوە بۆ دەرکردنى رێکاری یاسایی و دووەمیان ناردمان بۆ داواکاری گشتى بۆ بەردەوام بن لە رێکارە یاساییەکانى خۆیان، سێیەمیشیان بەپێی یاسای پارێزگاکان رووبەرووی پارێزگاری سلێمانیمان کردوەتەوە".

سەرۆکى ئەنجومەن باسی لەوەشکرد، ئەوان دژی دانانى کامێرای چاودێری نین، بەڵام دانانی کامێرای چاودێرین بەو سیستەمەو بەو شێوە گرێبەستەى کە کراوە.

لە وەڵامى پرسیارێکى پەیامنێری شارپرێس سەبارەت بە کۆکردنەوەى پارەى کرێی کارەبا راستەوخۆ لە ماڵان ئازاد حەمەئەمین وتی" هەموو کێشەکانى کورتهێنانى بودجە لە پارێزگای سلێمانی بەرەو چارەسەرکردن دەڕۆن، بەکێک لە هۆکارەکانى ئەو کورتهێنانە ئەوەیە کە لە رابردوودا ئەو داهاتانە وەک پێویست کۆنەکراوەنەتەوە، بەڵام ئێستا کە ئەو بڕیارە دراوە بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان راستەوخۆ پارەی ئاوو کارەبا بدەن بۆ ئەوەى لەوە زیاتر پارە  لەسەر هاوڵاتیان کۆنەبێتەوە کە ئەوەش هەمە بۆ داهاتى سلێمانى سودی هەیە هەمیش بۆ هاوڵاتیان کە قەرزیان لەسەر کۆنابێتەوە".

هەروەها لەبارەى دابەشکردنى نەوتى سپی بەسەر هاوڵاتیاندا، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگای سلێماتی روونیکردەوە، نوسراویان بۆ وەزارەتى سامانە سروشتیەکان کردوە بۆ ئەوەى هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوت بێ بەرامبەر وەربگرن و هەمیش بودجەیەکى ساڵانە تەرخان بکات بۆ کڕینى نەوت بۆ هاوڵاتیان.

هاوکات بڕیار رەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکەدا لەبارەى ناردنی نەوتى سپی لە بەغداوە رایگەیاند، لەگەڵ بریکاری وەزیرى نەوتى عێراق قسەم کردوە کە لە مانگی ١٠ دا  ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەى سلێمانى بکات، بەڵام ئەو بەشەى کە ئەوان دەینێرن بەشی پێداویستى تەواوی هاولاتیانى پارێزگای سلێمانى ناکات".