شارپرێس:
کۆمپانیای Skywellی چینی ڕایگەیاندوە، دەیانەوێت بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ET5 فراوانتر بکەن، بەشێوەیەک ئۆتۆمبێلەکەیان ببێتە ڕکابەریی باشترین ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لەسەرتاسەری جیهاندا.
ئەو ئۆتۆمبێلە جگە لەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتوەی تێیدایە، دیزاینێکی کەشخەو بۆدییەکی کرۆس ئۆڤەری هەیە کە باشترین ستانداردی ئایرۆدینامیکی تێدا بەکارهاتوە، ئەوە جگە لەشکڵو شێوە زۆر نایابەکەی بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەو سیستەمی ڕوناککردنەوە ناوازەکەی بەشی دواوە.
ET5 درێژییەکەی4 مەترو 69 سانتیمەترەو دوری نێوان تایەکانی 280 سانتیمەترە، هەروەک بەشی ناوەوەشی لەباشترین مادە دروستکراوەو بەکڕۆمو تەختەی گرانبەها ڕازێنراوەتەوە.
هەرچی داشبۆردییەکەیەتی دوو شاشەی تێدایە کە یەکێکیان لەبەردەم شۆفێرەو ئەوەی تریشیان شاشەیەکی لەمسی پێشکەوتوە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی داشبۆردییەکە، هەروەک کوشنەکانیش سیستەمی ساردیو گەرمییو سیستەمی کارەبایی بۆ جێگۆڕکێ پێکردنیان هەیە.
ئەوەش هاتوە، ئۆتۆمبێلەکە سیستەمی پارککردنی ئۆتۆماتیکی، سیستەمێکی پێشکەوتوی سەلامەتیی، سیستەمی خاڵی کوێر، سیستەمی ڕێگرییکردن لەبەیەکداکێشان، سێنسەری پێوانی دوریو کامێرای پێشکەوتوی تێدایە، ئەوە جگە لەسیستەمی جێگیرکردنی خێراییو سێنسەری ڕوناکیو بارانو کامێرای بینینی دەوروبەری ئۆتۆمبێلەکە.
ئۆتۆمبێلەکە بزوێنەرێکی کارەبایی بەهێزی 204 ئەسپو پاترییەکی بەگوڕی 72 وات هەیە کە دەتوانێت 520 کیلۆمەتر بەیەک بارگاویکردنەوە ببڕێت، هەروەک دەشتوانێت لەماوەی 7.9 چرکەدا خێراییەکەی لەسفرەوە بگەیەنێتە 100 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا.
و: ئاکۆ ئاڵی
