زانایان پەیوەندیی لەنێوان خواردنی گۆشتی سورو توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ پشتڕاستدەکەنەوە

تەندروستی

01/10/2022‌ 623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دوپاتیکردۆتەوە کە خواردنی گۆشتی سور زیانی گەورە بەتەندروستیی دڵ‌و لولەکانی خوێن دەگەیەنێت.

لێکۆڵینەوەکە کە لەگۆڤاری پزیشکی BMJ بڵاوکراوەتەوە، توێژەران لەماوەی 30 ساڵدا لەسەر زیاتر لە40 هەزار پیاو لەئەمریکا بەدواداچونی کردوە، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستوە کە ئەوکەسانەی بەشێوەی ڕۆژانە گۆشتی سور دەخۆن، بەڕێژەی لەسەدا 12 ئەگەری توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵیان زیاترە.

بەڵام بەخواردنی گۆشتی پڕۆسێسکراوی وەکو هۆت دۆگ‌و لولە قیمە بەشێوەی ڕۆژانە، مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و لولەکانی خوێن بەراورد بەوانەی ئەو گۆشتە ناخۆن بەڕێژەی لەسەدا 15 بەرزدەکاتەوە.

لەبەرامبەردا دەرکەوتوە ئەوانەی خۆراکی گیایی دەوڵەمەند بەپڕۆتین وەکو چەرەساتەکان‌و پاقلەمەنییەکان دەخۆن، مەترسیی توشبون بەو نەخۆشییە بەڕێژەی لەسەدا 14  کەمدەکاتەوە.

لای خۆیەوە كۆنی دیكمان، كە پسپۆڕێكی ئەكادیمییە لەبواری خۆراك‌و ڕێجیم، ڕایگەیاندوە، "توێژینەوەكە گرنگیی بەپرسێكی گرنگ دەدات، ئەویش پێویستی كەمكردنەوەی ڕێژەی خواردنی گۆشتی سورە".

پسپۆڕانیش دەڵێن، "شێوازی لێنانی گۆشتی سور کاریگەریی لەسەر زیانەکانی گۆشتەکە هەیە، لەبەرئەوەی ئەگەربێت‌و بەبوخار لێبنرێت، زۆر لەوە جیاوازە کە سوربکرێتەوە یان چەوریی تری بۆ زیاد بکرێت".

و: ئاکۆ ئاڵی