شارپرێس:
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، پێشبینیدەکرێت لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئێرانو ئەمریکا بۆ ئازادکردنی دوو هاوڵاتی ئەمریکی لەئێران، کۆریای باشور بڕی 7 ملیار دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئەو وڵاتە ئازادبکات.
ئەو 7 ملیار دۆلارە پارەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانەو لەساڵی 2018 لەدوای کشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لەڕێککەوتننامەی ناوەکییو سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێران لەلایەن کۆریای باشورەوە بلۆککرا.
باسکردن لەئەگەری ئازادکردنی ئەو پارانە ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هات کە تێیدا باسی لەوەکرد، تاران ڕێگەی بەباقر نەمەزی ئێرانی-ئەمریکی داوە زەویەکانی بەجێبهێڵێتو سیامەکی کوڕیشی ئازادکردوە کە بەتاوانی سیخوڕی سزادرابوو.
هەروەک ئاژانسی "ئێرنا"ی فەرمیش لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باسی لەوەکردبوو، پێشبینیدەکرێت لەچوارچێوەی مامەڵەی ئازادکردنی ئەو دوو هاوڵاتییە ئەمریکیەداو لەماوەیەکی نزیکدا سیئۆل بڕی 7 ملیار دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئێران لەو وڵاتە ئازادبکات.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردوه، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا لهچوارچێوهی "ڕێككهوتنی ئازادكردنی زیندانیان"و ملیاران دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئێراندا، بەنێوەندگیریی وڵاتێکی ناوچەکە، دانوستانی چڕوپر لەنێوان تارانو واشنتۆندا بەڕێوەچوە.
باقر نەمەزی بەرپرسی پێشوی سندوقی منداڵانی نەتەوەیەکگرتوەکان (یونیسێف) لەمانگی شوباتی ساڵی 2016دا دەستگیرکرا، ئەویش کاتێک چوەتە ئێران بۆ ئەوەی داوای ئازادکردنی سیامەکی کوڕی بکات کە بازرگانێک بوو کە لەمانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2015دا دەستگیرکرابوو.
