لاهور شێخ جەنگی لەسەر سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ هەولێر هاتەدەنگ

کوردستان

05/10/2022‌ 6297 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لاهور شێخ جەنگی، لە بارەی دەركەوتنی هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا لەهەولێر ڕایگەیاند، "ماوە لەدوای ماوە بەشێوەیەكی ئاشكرا سەردانی بەرپرسانی سەربازی‌و هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ دەبینین كە بەوپەڕی ئازادییەوە چاویان بە كەسایەتی‌و سەركردەی حزبە سیاسییە عێراقییەكان دەكەوێت". 

لاهور شێخ جەنگی لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "لە وێنەیەكدا جارێكی تر سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا دەردەكەوێت، ئەمجارە چاوی بە ئەندامانی بەرەی توركمانی عێراق دەكەوێت لە هەولێری پایتەخت".

دەشڵێت "ئایا ئەو وڵاتانە وەكو ئێمە رێگە بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق دەدەن كۆبونەوە لەگەڵ حزب‌و سیاسەتمەداران بكات لەناو وڵاتەكانیاندا؟".

بەوتەی لاهور شێخ جەنگی "ئایا ئەمە بە دەستوەردانی ئاشكرا لەكاروباری وڵاتانی تر دانانرێت، سەروەریی وڵات لەكوێدایە؟ بەداخەوە زۆرینەی حزبە سیاسییەكان لە عێراق لە قسەو دروشمەكانیاندا سەبارەت بە سەروەریی‌و سەربەخۆیی بڕیار درۆ لەگەڵ گەلدا دەكەن".

باسی لەوەشکردوە "بەپێچەوانەوە فەرمانەكانیان لە وڵاتانی ناوچەكەوە وەردەگرن‌و خۆزگە فەرمانەكانیش بۆ بەرژەوەندی گەلی عێراق بن، گەلەكەمان شایستەی ئەم چەواشەكاری‌و قۆستنەوە نییە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، بەتەواوەتی هاوڕام لەگەڵ سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر حكومەتێك كە نە خۆرهەڵاتی نە خۆرئاوایی بێت بەڵكو تەنیا عێراقی بێت".