شارپرێس:
زانا ئەمریکیو ئەوروپییەکان بانگەشەی ئەوەدەکەن کە لەڕێگای دەرزییە دەرمانێکەوە دەتوانرێت یارمەتیی ئەوکەسانە بدرێت کە کێشی زیادە، بەشێوەیەک لەماوەی چەند مانگێکدا نزیکەی یەک لەسەر دەی کێشی جەستەیان دابەزێنن.
زاناکانی هەردوو کۆمپانیای Boehringer Ingelheimی ئەڵمانیو Zealand Pharmaی دانیمارکیش باسیان لەوەکردووە، دەرمانە نوێکە دەستبەسەر سیستەمی کۆنترۆڵکردنی حەزی خواردنی کەسەکەدا دەگرێتو وای لێدەکات هەست بەتێربوون بکات، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە پێیانوایە دەرمانە نوێکە بەزۆرێک لەوکەسانە بدرێت کە کێشی جەستەیان زیادە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دەرمانە کە ناوی BI456906ی لێنراوە، دەبێت گەلێک لەئاستەنگەکان ببڕێت تاوەکو رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەردەگرێت بۆئەوەی بخرێتە بازاڕەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پسپۆڕانی هەردوو کۆمپانیا باسیان لەوەکردووە کە ئەو دەرمانە نوێیە گەلێک لەو دەرمانانە کاراترە کە بۆ دابەزاندنی کێشی جەستە مۆڵەتیان پێدراوەو بەهەمان میکانیزم کاردەکات.
باس لەوەشکراوە، ئەوکەسانەی دەرمانەکەیان لەسەر تاقیکرداوەتەوە، لەدوای چوار مانگ لەبەکارهێنانی نزیکەی لەسەدا 9ی کیشی جەستەیان دابەزیوە.
دەرمانی BI456906 دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنێکی هاوشێوەی گلوکاگۆن پێپتید-1، کە بەشێوەیەکی سروشتی دوای ژەمەکان دەردەچێتو یارمەتی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات.
و: ئاکۆ ئاڵی