مەسعود بارزانی بەدەر لە پەیڕەو دەستی خستووەتە کۆنگرەی پارتییەوە

ڕاپۆرت

31/10/2022‌ 3324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

تەنها سێ ڕۆژی تر کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک ئەنجامدەدرێت، کۆنگرەیەک کە دەبوو ٨ ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجامبدرێت و هەر جارەو بە هۆکارێک دواخراوە.

بەرپرسانی باڵای پارتی و لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرە ڕایدەگەیەنن تەواوی ئامادەکاریەکان ئەنجامدراون و کۆنگرە تەنها دەستپێکردنی ماوە، کادرانی پارتی و بەشێکی زۆری حزبە سیاسیەکانی هەرێم و عێراق، میدیا و هاولاتیان چاویان لە رۆژانی داهاتوە تا بزانن پارتی لە دوای ١٢ ساڵ، چۆن کۆنگرەیەک ئەنجامدەدات.

ماوەی چەند ساڵێکە ململانێیەکی توند و شاراوە لە نێوان هەردوو ئاراستەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەسروربارزانیدا هەیەو هەندێک کات بە ئاشكرا هەست بەو ململانێیە کراوە، لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەو هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەدا ململانێکە بە ڕونی رەنگیدایەوەو بە ئاشکرا ناکۆکیەکان بەرچاوی کادرانی پارتی دەکەوتن.

لە هەندێک سنور و ناوچە کادرانی ئەو حزبە بەیاننامەیان بلاوکردەوەو باسیان لە بونی دەستوەردانی ئەمنی کرد بۆ سەرخستنی چەند کاندیدێک ودورخستنەوەی چەند کاندیدێکی تر.

لە پاڵ ئەمانەدا و بە پێی زانیاریەکانی شارپرێس لە چەند رۆژی رابردودا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لیستێکی چەند کەسی داوەتە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە بۆ پێدانی مافی ئەندامێتی کۆنگرە، کە بە هیچ کام لە ڕێکارەکانی دیاریکردنی ئەندامێتی کۆنگرەدا تێنەپەڕیون وهیچ مافێکی ئەندامێتی کۆنگرەیان نییە بە پێی ئەو کارنامەیەی کە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دیاریکردبو و ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەش دەنگی لەسەردابوو.

بەشێک لەو کەسانەی بە واژۆی بارزانی و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ناوبراو بونەتە ئەندامی کۆنگرە خۆشیان کاندید کردوە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە و لە میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن ئەوان کاندیدی مەسعود بارزانی و خاوەنی بڕاواو متمانەی ئەون بۆ ئەندامێتی سەرکردایەتی، ئەو کەسانە کە لە حزبەکانی تری کوردستانەوە سەنگەریان گواستۆتەوە نێو پارتی و چەند ساڵێکە لە پۆستی ڕاوێژکاری حزبی و پۆستی حکومیدا لە تیمەکانی پارتی کار دەکەن و ئێستا بارزانی دەیەوێت بە کردنیان بە ئەندامی سەرکردایەتی ، پلەی حزبییان بۆ جێگیر بکات و بیانکاتە خاوەنی پێگەی بەهێز لە نێو حزبەکەدا.

بارزانی بەمکارە مەبەستیەتی ئەو قەرزەی ئەو کادرانە بداتەوە کە چەند ساڵێک لەمەو پێش و هەر یەکەو لە قۆناغێکدا بارزانی وپارتیان پێ قەرزار کردوەو کورد وتەنی قەرز کۆن دەبێت بەڵام نافەوتێت، ئێستا بارزانیش گەرەکیەتی بەو هەنگاوەی و پشتیوانی کردنی ئەو کەسانە ئەو قەرزە بداتەوە.

هەریەکە لە مەسعود حەیدەر و محەمەد حاجی و رێباز حەملان کە لە بزوتنەوەی گۆرانەوە چونە نێو پارتی و لە کۆڵەکەی ئەساسی بزوتنەوەکەیانەوە بونە ڕاویژکار و یاریدەدەری بارزانیەکان، ئێستا کاندیدی خودی بارزانین بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی، جیاواز لەوان عارف ڕوشدی کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێشوتری یەکێتی بوو، سالانێکە وەک راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی کار دەکات و ئێستا ئەویش دەلێت بە پشتیوانی بارزانی کاندیدی سەرکردایەتی حزبەیەکە، دکتۆر نەزاکەت حسێن کە سالی پار لە یەکگرتوی ئیسلامییەوە سەنگەری گواستەوەو چوە نێو پارتی، ئێستا ئەویش بەهەمان رێگەو هەمان میکانیزم کاندیدی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتییە و مەبەستیەتی ئەندامێتی ئەنجومەنەکە بە دەستبهێنێت.

لەدوای ئاشکرابونی ناوی ئەو کەسانە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بەشێک لە کادرانی پارتی لە تەواوی کوردستانەوە وەک نیگەرانییەک لەو هەنگاوەی بارزانی و پارتی کەوتنە پۆستکردن و کۆمێنت نوسین و قسەکردن لەبارەی ئەوەی پارتی لەبری ئەوەی کادرە دلسۆزەکانی خۆی بباتە پێشەوە دەستی داوەتە سیاسەتی کرینی کادرانی حزبەکانی تر و کردنیان بە بەرپەرس و سەرکردەی پارتیە کۆن و ماندوەکان.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاو و پشتیوانیەی بارزانی لەو کەسانە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی هەرکەس دەیەوێت رێزی لێبگیرێت و پۆست و پلەو پێگەی باشی هەبێت با بچێتە نێو ریزەکانی پارتیەوەو بەشێکی تریش پێیان وایە ڕەنگە لە کۆنگرەدا پارتیەکان ئەو کەسانەبخەن و رێگە نەدەن ببنە ئەندامی سەرکردایەتی، ئەگەر چی لە لیستی سەرۆکی حزبەکەشیاندا بن کە ئەمەیان بە خوێندنەوەی سروشتی کاری ئەو حزبە یەکێکە لە هەنگاوە مەحاڵ و قورسەکان.